دوای 7 ساڵ، جارێکی دیکە دەرگاکانی باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز کرانەوە

07:44 - 06/06/2023

2185جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ ئێران دەرگاکانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ڕیازی پایتەختی سعودیە کردەوە، لە هەنگاوێکدا کە تەواوکەری جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵاتە، کە لەلایەن چینەوە نێوەندگیری کراوە، دوای 7 ساڵ لە وەستاندنی چالاکییەکانی.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، "ئەمڕۆ و سێشەممە و سبەی چوارشەممە، باڵیۆزخانەی ڕیاز و کونسوڵخانەی گشتی لە جەددە و نوسینگەی نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی بە فەرمی بە ئامادەبونی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هەردو وڵات دەکرێتەوە".

هەردو باڵیۆزخانەی ئێران لە ڕیاز و کونسوڵخانەی گشتی لە جەددە پێشتر دەستیان بە چالاکییەکان کردبوەوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەردو باڵیۆزخانەی ئێران لە ڕیاز و کونسوڵخانەی گشتی لە جەددە پێشتر دەستیان بە چالاکییەکان کردبوەوە، پێش ئەوەی حاجییە ئێرانییەکان بەرەو سعودیە بڕۆن، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکانی گەشتکردن بۆیان.
 بە نێوەندگیریی چین، ئێران و سعودیە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان
لە کۆتایی مانگی پێنج ئەمساڵدا، بە نێوەندگیریی چین و لە پەکینی پایتەخت، ئێران و سعودیە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2016، سعودیە باڵیۆزخانەکەی لە تاران داخست و سەرجەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد.

گرژییەکانی نێوان ئێران و سعودیە دوای ئەوە هات کە خۆپیشاندەرانی ئێرانی لەبەرامبەر لەسێدارەدانی شێخێکی شیعەمەزهەب لە سعودیە، هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەکە و سوتاندیان.

نیشانەکردن

ئێران سعودیە