وەزیری بەرگری روسیا دەستپێکی هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا پشتڕاستدەکاتەوە

06:44 - 06/06/2023

4753جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، ئۆکرانیا لە ماوەی سێ رۆژی ڕابردودا بە بەردەوامی هێرشکردوەتە سەر ناوچە جیاوازەکان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی وڵاتەکەیدایە.

سێرگی شۆیگو ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد، لە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوی ئۆکرانیادا "دەیان سەربازی روسیا کوژراون، لەکاتێکدا وەڵامی هێرشێکی ئۆکرانیایان داوەتەوە، کە تێیدا 71 سەرباز کوژران و 210 سەربازیش برینداربون".

 لە 4ی ئەم مانگەوە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بە هاوکاری دو لیوا هەوڵیانداوە لە پێنج میحوەرەوە پێشڕەوی بکەن
بەوتەی وەزیری بەرگری روسیا، لە 4ی ئەم مانگەوە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بە هاوکاری دو لیوا هەوڵیانداوە لە پێنج میحوەرەوە پێشڕەوی بکەن، بەڵام سەرکەوتو نەبون و "300 سەربازیان کوژراوە".
لێدوانەکانی شۆیگو دوای زنجیرەیەک تۆمەتبارکردنی هاوبەشی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا هات
لێدوانەکانی شۆیگو دوای زنجیرەیەک تۆمەتبارکردنی هاوبەشی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا هات سەبارەت بەوەی کێ لە پشت ڕوخانی بەشێکی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکایە.

وەزارەتی بەرگری روسیا باسی لەوەشکرد، هێرشێکی گەورەی ئۆکرانیایان لە ناوچەی دۆنێتسک پوچەڵ کردوەتەوە و زیانی گیانی زۆریان بە هێزەکانی ئۆکرانیا گەیاندوە و هەشت تانکی لیۆپاردیان لەناوبردوە، لەکاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوامن لە شەڕەکانیان.
هێزەکانی ڕوسیا 28 تانکیان تێکشکاندوە کە هەشت تانکی لیۆپاردیان تێدایە
وەزارەتەکە لە پەیامێکدا کە لە رێگەی تێلێگرامەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ڕوسیا 28 تانکیان تێکشکاندوە کە هەشت تانکی لیۆپاردیان تێدایە.
زلێنسکی دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشی دژە هێرشی لەمێژە چاوەڕوانکراو دەستپێبکات
سێ ڕۆژ لەمەوبەر، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشی دژە هێرشی لەمێژە چاوەڕوانکراو بۆ وەرگرتنەوەی ئەو خاکانەی ڕوسیا داگیریان کردوە، دەستپێبکات.
 بە توندی باوەڕمان وایە سەرکەوتو دەبین
زلێنسکی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ وتی، "ئێمە بە توندی باوەڕمان وایە سەرکەوتو دەبین، نازانم چەند کات دەخایەنێت، ئەگەر ڕاستگۆ بم، دەکرێت بە چەندین شێوازی تەواو جیاواز بڕوات، بەڵام ئێمە ئەوە دەکەین، ئێمەش ئامادەین".

حکومەتی کیێڤ هیوادارە ئەو هێرشە بەرپەرچدانەوەیە ڕەوتی شەڕەکە بگۆڕێت، کە 15 مانگ لەمەوبەر بە لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر خاکەکانی سەریهەڵدا.

بەپەلە