هەواڵی ئەمڕۆ

لە جەنگی سودان ژنان قوربانی یەکەمن؛ دەیان حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراون

05:21 - 06/06/2023

2609جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، تەنانەت منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە خەرتومی پایتەختی سودان و ناوچەکانی دیکە یەکێکە لە پرسە گەرمەکان کە لەم ماوەیەی کۆتاییدا لە وڵاتەکەدا سەرنجی دەخرێتەسەر، زیاتر لە خودی شەڕەکە وەک هەمو شەڕەکانی دیکە توندوتیژی سێکسی لەگەڵدایە دژی ژنان.

رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، 49 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراون، هەروەها بەشێک لە رزگاربوەکان لەبەردەم هاوسەر و منداڵەکانیان دەستدرێژییان کراوەتە سەر و هەندێکیان توشی زەبر و زەنگی دەرونی بون لە ئەنجامی زیاتر لە جارێک دەستدرێژیکردنە سەریان، لەلایەن کەسانێکەوە کە جلوبەرگی هێزەکانی "پشتیوانی خێرا"یان لەبەردایە، هەندێکی دیکەش لە دەستدرێژیکاران بە جلوبەرگی ئاساییەوە کارەکەیان کردوە، بەڵام زۆرێک لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لە ترسی کاردانەوەی کۆمەڵایەتی راپۆرت ناکرێن.

لە دارفور 25 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی هەبون، لە خەرتومیش 24 حاڵەت تۆمارکراون
ئامارەکان لەلایەن سەلیمی ئیسحاق، سەرۆکی یەکەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بۆ رۆژنامەکە پشتڕاستکراوەتەوە، وتی، "لە دارفور 25 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی هەبون، لە خەرتومیش 24 حاڵەت تۆمارکراون، کە ژنەکان تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 54 ساڵانە".
ئەو حاڵەتە بەڵگەدارانە تەنها 2%ی ئەو روداوانە پێکدەهێنن کە لەراستیدا لە پایتەختدا رودەدەن
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو حاڵەتە بەڵگەدارانە تەنها 2%ی ئەو روداوانە پێکدەهێنن کە لەراستیدا لە پایتەختدا رودەدەن؛ چونکە زۆرجار تاوانی توندوتیژی سێکسی بێدەنگ دەکرێت، بە ئاماژەدان بەوەی کە بەربەست لەبەردەم ڕزگاربوان هەیە، وەک کەمی دەزگاکان کە بتوانن پشتگیریان بکەن.
 ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ئەو هێزانە لێی بەرپرسن کە ئاژاوەگێڕن

سەرۆکی یەکەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وتیشی، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ئەو هێزانە لێی بەرپرسن کە ئاژاوەگێڕن و سەرکردایەتییان نییە، هەندێکجاریش مامەڵەکردن لەگەڵیاندا قورسە.

زۆرینەی رزگاربوان دەڵێن، ئەو کەسانەی هێرشیان کردونەتە سەر جلوبەرگی "پشتیوانی خێرا"یان لەبەردا بوە
ئیسحاق دەڵێت، زۆرینەی رزگاربوان رونیانکردوەتەوە کە هێرشکردنە سەریان لەلایەن ئەو هێزانەی کە جلوبەرگی "پشتیوانی خێرا"یان لەبەردا بوە ئەنجامدراوە.
ژنان بەهۆی ناسکی بارودۆخی خۆیان لە شەڕەکاندا قوربانیی یەکەمن
یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا ناکەن، بەڵکو جیاوازی لە نێوان شەڕکەر و مەدەنیدا دەکات و ژنان زۆربەیان مەدەنین نەک چەکدار، دەستدرێژیکردنە سەر ژنان "تاوانێکی جەنگە" و ئەو یاسایە رێگە بەو کەسانە نادات کە هەڵگری پێگەی "جەنگاوەر"ن دەستدرێژی بکەنە سەر ژنان یان زیان بە خەڵکی مەدەنی بگەیەنن، بەڵام ئەوەی لە واقیعدا دەگوزەرێت ئەوەیە کە ژنان بەهۆی ناسکی بارودۆخی خۆیان لە شەڕەکاندا قوربانیی یەکەمن و هەندێکجاریش مەبەست لە دەستدرێژیکردنە سەریان، گەیاندنی "شەرمەزاری"یە بەسەر دوژمندا.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستدرێژی سێکسییان بەرامبەر ژنان و منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ئەنجامداوە
سوپای سودان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستدرێژی سێکسییان بەرامبەر ژنان و منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ئەنجامداوە و وەزارەتی دەرەوەش سەرکۆنەی داگیرکردنی نەخۆشخانەی منداڵبونی عومدورمان (مامانەکان)ی لە 3ی ئایار و دەرکردنی کارمەندانی پزیشکی لێی و دورخستنەوەی کردوە لە ژنانی دوگیان.
ا جلوبەرگی ئەو هێزانە لەلایەن هەندێک کەسەوە بۆ لەکەدارکردنییان بەکاردەهێنرێن
بەڵام هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایانگەیاندوە، ئەوان ئەو تاوانانەیان ئەنجامنەداوە، هەروەها جلوبەرگی ئەو هێزانە لەلایەن هەندێک کەسەوە بۆ لەکەدارکردنییان بەکاردەهێنرێن.

عەتیا عەبدوڵا، سکرتێری سندیکای پزیشکان بە شەرق ئەلئەوسەت-ی راگەیاند، کەیسەکانی ئەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر لەماوەی کۆتاییدا بەڵگەی لەسەر کۆکراوەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زۆرێک لە حاڵەتەکان تۆمارنەکراون بەهۆی ئەو " چەواشەکارییە کۆمەڵایەتییە" کە پەیوەستە بەو ژنە دەستدرێژیکراوەتەوە.
حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی سەرو تەمەن 50 ساڵ تۆمارکراوە
ئەوەشی خستەڕو، حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی سەرو تەمەن 50 ساڵ تۆمارکراوە، هەروەها حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی هەیە، ئەگەر ئەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر لە ماوەی 72 کاتژمێردا چارەسەر نەکرێن، ئەوا مەترسی دوگیانییان لەسەرە، یان توشبونیان بە ڤایرۆسی ئایدز و هەوکردنی جگەر لە هەندێک حاڵەتدا هەیە.
سەندیکای پزیشکان توانی چارەسەر بۆ ئەو ژنانە دابین بکات کە توشی توندوتیژی بە هەمو جۆرەکانییەوە بونەتەوە

ئەو بەرپرسە تەندروستییە دەڵێت، سەندیکای پزیشکان توانی چارەسەر بۆ ئەو ژنانە دابین بکات کە توشی توندوتیژی بە هەمو جۆرەکانییەوە بونەتەوە، هەروەها پزیشکان پەروەردە دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حاڵەتانە.

دو گروپی زلهێزی شەڕکەر لە سودان تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان رەتدەکەنەوە 
دو گروپی زلهێزی شەڕکەر لە سودان تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان رەتدەکەنەوە و هەریەکەیان دەڵێن، ئەم حاڵەتانە لەو ناوچانەدا ڕویانداوە کە لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە کۆنتڕۆڵکراون.

داکۆکیکارانی مافی ژنان دوپاتیدەکەنەوە، کە شەڕ هەڕەشە لە ژیانی ژنان دەکات و دەیانخاتە بەردەم کوشتن و رفاندن و دەستدرێژی سێکسی و مەترسی لەسەر ژنان لە کاتی جەنگدا دو هێندە زیاد دەکات، چونکە لە ئەگەری مردن یان لەدەستدانی سەرۆکی خێزانەکەدا، ژنان رۆڵی دایک و باوک پێکەوە دەبینن، ژنەکە ناچار دەبێت کاری قورس بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی منداڵەکانیان ئەنجامبدات.

نیشانەکردن

سودان