ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید "مەترسییە راستەقینەکە"ی سەر پشکی هەرێم ئاشکرا دەکات؛ دو وەزیری پارتی رازیبون

10:34 - 05/06/2023

34504جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، شارەزایی دارایی و ئه‌ندامی خولی پێشوی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند، لە (قانون الإدارة المالية)دا بڕگەیەک مەترسییە بۆ سەر پشکی کورد کە دەڵێت، بودجەی هەرێم دەبێت لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا پەسەندبکرێت و دواتر بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانی عێراق و پاشان هاوپێچ بکرێت لەناو چوارچێوەی بودجە، ئێستا هەرێم بودجەی نەناردوە و پەرلەمان نەماوە بۆیە دەتوانن ئەوە بکەنە بەهانەیەک، پێشتریش دو وەزیری دارایی لە پشکی پارتی رازیبون.

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید کە لەماوەی سێ خولدا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بوە، بە خەندان-ی راگەیاند، "هەمو وەرگرتنێکی پارە و خەرجێکردنێکی پارە لە عێراقدا لە رێگەی (قانون الإدارة المالية)وەیە لەسەردەمی پۆڵ بریمەردا ناوی (قانون الادارە المالیە والدین العام) بو نوسخەی قانونەکە لە ئینگلیزیەوە وەرگێڕدرابو، تەرجەمەیەکی خراپ کرابو، کۆمەڵێک بۆشایی یاسایی تیابو، لە ساڵی 2016 کەنەدییەکان پێشنیاری ئەوەیانکرد کە ئەو قانونە هەمواربکرێت کە ئەوکات هۆشیار زێباری وەزیری دارایی بو، دواتر فوئاد حسێن بو بە وەزیری دارایی، لە دو خولدا خەریکی هەموارکردنەوەی بوین تاوەکو مانگی 6ی ساڵی 2019 هەموارکرا".

دو وەزیری پارتی رازیبون لەسەر ئەوە، "ئێستا سەیرە کە رازی نین نەوت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت
ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو ئەو قانونەدا دیاریکراوە کە داهاتە ئیتیحادیەکان چیە، داهاتە ئیتیحادیەکان هەمو ئەو داهاتانەیە کە لە ئەرز دەردەهێنرێت و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت کە یەک خەزێنەیە و لە بەغدایە و دەبێت لە هەمو داهاتەکانی باج و گومرگ بگەڕێنەوە، دو وەزیری کورد (پارتی) رازیبون لەسەر ئەوە، "ئێستا سەیرە کە رازی نین نەوت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت". 
ئەگەر پەرلەمانتارانی عێراق بیانو بگرن بەو بڕگەیە دەتوانرێت یەک دینار نەنێرێت بۆ هەرێم،
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید دەڵێت، "کاتی خۆی (لەکاتی هەموارکردنی قانون الإدارة المالية) پەیوەندیم پێوەکردن و هۆشداریم پێدان، تەنانەت قانونەکە بڕگەیەکی تیایە کە لە ماددەی 1 بڕگەی 8دا هاتوە کە تەعریفی بودجەی هەرێم دەکات، ئەگەر پەرلەمانتارانی عێراق بیانو بگرن بەو بڕگەیە دەتوانرێت یەک دینار نەنێرێت بۆ هەرێم، ئەو بڕگەیە بەدیاریکراوی نوێنەرانی پارتی جێگیریانکرد، دنیامان تێگەیاند ئەوکات و دوجار کۆبونەوەم لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی کرد بە ئامادەبونی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و وتم ئەو پەرەگرافە خەتەرە و ناکرێت و ئەوەی پێچەوانەی دەستورە و مخالەفەی یاسایەکە کە جێگیرکراوە لە پەرلەمان، بەڵام نوێنەرەکانی پارتی قبوڵیان نەکرد، ئێستاش ئەگەر ئەو بڕگەیە بهێننەوە بەرباس هەرێمی کوردستان نابێت چاوەڕوانی هیچ جۆرە بودجەیەک بکات".
ئەو بڕگەیەی کە مەترسییە بۆ بڕینی پشکی کورد دەڵێت، بودجەی هەرێم دەبێت لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا پەسەندبکرێت
رونیشیکردەوە، "ئەو بڕگەیەی کە مەترسییە بۆ بڕینی پشکی کورد دەڵێت، بودجەی هەرێم دەبێت لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا پەسەندبکرێت و دواتر بنێدرێت بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانی عێراق و پاشان هاوپێچ بکرێت لەناو چوارچێوەی بودجە، ئێستا هەرێم بودجەی نەناردوە و پەرلەمانمان نەناردوە بۆیە دەتوانن ئەوە بکەنە بەهانەیەک و بڵێن بودجەتان نەناردوە ئیتر داوای بودجەی چی دەکەن؟ خۆتان کەمتەرخەمن".
ئەو دو نوێنەرەی پارتی کە لیژنەی دارایی شارەزا نەبون و لەبەرئەوەی ئێمە پێشنیارمان دەکرد لاببرێت وایاندەزانی باشە
لەبارەی هۆکاری جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە و پشتیوانی کورد، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید دەڵێت، "ئەو دو نوێنەرەی پارتی کە لیژنەی دارایی شارەزا نەبون و لەبەرئەوەی ئێمە پێشنیارمان دەکرد لاببرێت وایاندەزانی باشە و جۆرێک لە عینادی منیان دەکرد، من زۆر داکۆکیمکرد کە ئەو بڕگەیە هەڵەیە، ئەو دو وەزیرەی دارایی عێراق کە لە پشکی پارتی بون (هۆشیار زێباری و فوئاد حسێن) هیچیان پسپۆڕیەکەیان دارایی نەبو، 
لە عێراقدا سیستمی دارایی مەرکەزییە، لەکاتێکدا سیستمی ئیداری و قەزا و سیاسەت لامەرکەزییە
ئەوەشی خستەڕو، "لە عێراقدا سیستمی دارایی مەرکەزییە، لەکاتێکدا سیستمی ئیداری و قەزا و سیاسەت لامەرکەزییە ئەوەش لە  (قانون الإدارة المالية)دا هاتوە، دو وەزیر ئاگایان لە گۆڕانکاری لەو بڕگەیەدا نەبوە ئێستا پارتی گلەیی چی دەکات کە دەڵێت لە لیژنەی دارایی گۆڕانکاری کراوە".

لەبارەی ئەوەی ئایا گۆڕانکاریەکانی یاسای بودجە کە لە لیژنەی دارایی کراوە، جێگیر دەکرێت؟ ئەحمەدی حاجی رەشید دەڵێت، "ئەو بابەتە لەسەر رێککەوتنەکان وەستاوە، یەکێتی رازی نیە لەسەر ئەو بڕگەیەی کە باسی لامەرکەزیەتی دارایی دەکات و حکومەتی عێراق راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاکان مامەڵە دەکات، من دەڵێم لێبگەڕێن با بودجە بەوشێوەیەی ئێستا هەیە با تێپەڕێت، ئەگەر هەر بڕگەیەکی نایاساییە سکاڵای یاسایی لە دادگای فیدڕاڵی تۆماربکرێت و لەماوەی مانگێکدا هەمو بڕگە نادەستوریەکان هەڵدەوەشێننەوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم خۆشیان دەزانن گۆڕانکاریەکان نە ناقانونیە و نەنادەستورییە".
هەرێم دەترسێت لەوەی کە دیوانی چاودێری دارایی عێراق بێت و چاودێری بکات
ئەحمەدی حاجی رەشید وتیشی، "هەرێم دەترسێت لەوەی کە دیوانی چاودێری دارایی عێراق بێت و چاودێری بکات، دەبێت هەمو داهاتەکان بە سیستمێکی مەرکەزی کۆبکرێتەوە و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لێپرسینەوە لە دینار بە دیناری دەکات، هەرێم دەزانێت چی کێڵاوە و کەشف دەبێت، هەرێم کە دەڵێت لاری نیە نەوت لە رێگەی بەغداوە هەر قسەیە و ناچارکراوە ئەگینا ئێستاش هەر نەوت بە تانکەر دەفرۆشێت و دەرهێنانی نەوت بۆ پاڵاوگەکان بەردەوامە".
 پێناچێت پشکی کورد ببڕدرێت چونکە دۆخی ئیقلیمی رێگە بەوەنادات
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لەمکاتەدا پێویستە هەرێمی کوردستان چی بکات بۆ ئەوەی هەڕەشەی بڕینی پشکی کورد نەمێنێت؟ دەڵێت، "ئەو بڕگانەی کە دانراون قانونین و حکومەتی عێراق پابەندە کە بودجەی کوردستان بنێرێت، هەرێمیش ناتوانێت بڵێت نەوت نادات، ئەی چی لێدەکات؟ پێناچێت پشکی کورد ببڕدرێت چونکە دۆخی ئیقلیمی رێگە بەوەنادات، پێشتر کە بڕدرا بەهۆی ئەوەوەبو کە هەرێم نەوتی دەفرۆشت و دەیتوانی پارە دابینبکات بەڵام ئێستا ناتوانێت پارەی موچە دابینبکات".