"پلانەکەمان بێدەنگیان دەوێت" ئۆکرانیا باس لە هێرشی پێچەوانە دەکات

03:43 - 04/06/2023

1515جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ڕەتیکردەوە وادەی ئەو هێرشە دژە هێرشە ئاشکرا بکات کە کیێڤ بەنیازە بیکاتە سەر ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڕوسیادایە.

هانا مالیار، جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا لە پەیامێکدا لە رێگەی تێلێگرامەوە رایگەیاند، "وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وادەی دەستپێکردنی دژە هێرش راناگەیەنێت، پلانەکانمان بێدەنگییان دەوێت".

 سەربازەکانیان پەنجەیان خستوەتە سەر دەمیان، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ نهێنی ئۆپەراسیۆنی داهاتو
ئەو بەرپرسە دیارە سەربازییە دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە سەربازەکانیان پەنجەیان خستوەتە سەر دەمیان، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ نهێنی ئۆپەراسیۆنی داهاتو.

هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوامن، دوایین هێرشەکانیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بو، کە هێرشی ئاسمانی بو  فڕۆکەخانەیەکی ناوەڕاستی ئۆکرانیای کردە ئامانج، بەڵام نەیتوانی کیێڤ بپێکێت.
چوار لە کۆی شەش موشەکی کروز لەلایەن بەرگری ئاسمانیەکانەوە خراوەتە خوارەوە
یوری ئیهنات، وتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا بە تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ڕاگەیاندوە، چوار لە کۆی شەش موشەکی کروز لەلایەن بەرگری ئاسمانیەکانەوە خراوەتە خوارەوە، بەڵام دو لەو موشەکانە بەر یەکێک لە "فڕۆکەخانە" لە نزیک شاری کرۆپیڤنیتسکی کەوتون.
دو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران دامەزراوەکانی ژێرخانی ناوچەی سومی، لە باکوری ئەو وڵاتەیان داوە
ئاماژەی بەوەشکرد، دو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لە کۆی پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن ڕوسیا هەڵدرابون، دامەزراوەکانی ژێرخانی ناوچەی سومی، لە باکوری ئەو وڵاتەیان داوە.

کاربەدەستانی کیێڤ رایانگەیاندوە، بەرگری ئاسمانی سەرجەم ئەو موشەکەکانیان خستوەتە خوارەوە کە پایتەختیان کردوەتە ئامانج پێش ئەوەی بگەنە شارەکە.

پارێزگاری ناوچەیەک لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا رایگەیاند، سەرەتای ئەمڕۆ یەکشەممە لە هێرشێکی موشەکی ڕوسیا لە نزیک شاری دنیپرۆ، کچێکی تەمەن دو ساڵان کوژراوە و 22 کەسیش برینداربون.
ڕوسیا لە مانگی ئایارەوە هێرشەکانی بۆ سەر پایتەختی ئۆکرانیا چڕتر کردوەتەوە، بەتایبەتی لە شەودا
ڕوسیا لە مانگی ئایارەوە هێرشەکانی بۆ سەر پایتەختی ئۆکرانیا چڕتر کردوەتەوە، بەتایبەتی لە شەودا، ئەمەش وەک بەرپرسان دەڵێن، هەوڵێکە بۆ شکاندنی مۆڕاڵی بەردەم هێرشی پێچەوانەی چاوەڕوانکراوی ئۆکرانیا.

لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی ڕوسیا داوایان لە دانیشتوانی ناوچەیەکی سنوری ئۆکرانیا کرد، کە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، ئەوەش دوای چڕبونەوەی بۆردومانەکانی ئۆکرانیا لەم هەفتەیەدا.
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل لە شاری چیبیکینۆ گیانیان لەدەستدا
شاری چیبیکینۆ کە دەکەوێتە ناوچەی بێلگۆرۆدی ڕۆژئاوای سنوری ئۆکرانیا ڕۆژانە تۆپباران دەکرا و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستدا و دانیشتوانی ئەو وڵاتە بەرەو هەڵاتن بون.

ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری هەرێمەکە داوای لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کرد کە هاوکاری دەسەڵاتداران بکەن و ناوچەکە چۆڵ بکەن و وتی، "داوا لە دانیشتوانی گوندەکان دەکەم، بەتایبەتی ناوچەی چیبیکینۆ کە بۆردومان کراون، گوێ لە ڕێنماییەکانی دەسەڵاتداران بگرن و بەشێوەیەکی کاتی ماڵەکانیان بەجێبهێڵن".