خەندان-
پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاند، هیچ بڕە پارەیەکیان لەدوای کۆتاییهاتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان وەرنەگرتوە، ژمارە حسابیەکانیشیان داخستوە، داواش لەپەرلەمانتاران دەکەن، ئەو موچەیەی لە مانگی (تشرینی دوەم/11) تا ئەمڕۆ وەریانگرتوە بیگەڕێننەوە.
پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە 6ی (تشرینی دوەم/11)ی 2022 بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کردوە و موچەو دەرماڵەی پەرلەمانی ڕەتکردۆتەوە و ژمارەی حیسابی بانکی داخستوە، هیچ بڕە پارەیەکی وەرنەگرتوە و نەچۆتە سەر حسابی بانکی، تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەشمان کە ئۆتۆمبێلیان بەقیست ڕاکێشاوە خۆیان قەرزی ئۆتۆمبێلەکانیان داوەتەوە، پەرلەمان یەک دیناریشی بۆ نەداونەتەوە".
ئەو پارەیەی لەدوای تەواوبونی ماوەی پەرلەمان وەریانگرتوە بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی
ئاماژەی بەوەشکردوە، "داوا لە سەرۆکایەتی و سەرجەم پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم دەکەین کە ئەو پارەیەی لەدوای تەواوبونی ماوەی پەرلەمان وەریانگرتوە بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی، چونکە ئەوە موڵکی گشتیەو بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەو کاتەوە پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە و هیچ پەرلەمانتارێک بۆی نیە موچەی پەرلەمانتاری وەربگرێت".
پەرلەمان هیچ هەڵوێستێکی لە بەرامبەر ئەو بڕیارە چارەنوسسازە دەرنەبڕیوە کە لە دادگای فیدڕاڵی لە دژی دەرچوە
پێشتریش، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگەیاند، دوای پێنج رۆژ، کەچی تا ئێستا پەرلەمان هیچ هەڵوێستێکی لە بەرامبەر ئەو بڕیارە چارەنوسسازە دەرنەبڕیوە کە لە دادگای فیدڕاڵی لە دژی دەرچوە و کۆتایی بەتەمەنی خولەکەی هێناوە.
ئەوەشیخستەڕو، "بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا لە 6ی 11ی 2022وە سەرجەمیان بە خانەنشین هەژمار دەکرێن و دەبێت ئەو پارەیەی کە وەریان گرتوە بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی کە سێ ملیار و 395 ملیۆن و 300 هەزار دینارە".