زلێنسکی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی "بێهیوا" دەکات

08:29 - 03/06/2023

27827جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دانی بەوەدانا کە بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) کە کیێڤ بە پێداگرییەوە داوای دەکات، پێش کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ ڕوسیا "مەحاڵە".

ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئیستۆنییەکەی، ئالار کاریس، رایگەیاند، "پەیوەندیکردن بە ناتۆوە باشترین گەرەنتییە بۆ ئاسایشی ئۆکرانیا، بەڵام ئێمە تێدەگەین کە هیچ وڵاتێک لە ناتۆدا ناکێشینە ناو شەڕەوە".

تێدەگەین تا ئەم شەڕە بەردەوام بێت نابینە ئەندامی ناتۆ
ئاماژەی بەوشەکرد، " ئێمە تێدەگەین تا ئەم شەڕە بەردەوام بێت نابینە ئەندامی ناتۆ، نەک لەبەرئەوەی نامانەوێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی مەحاڵە".
ئەوە دانپێدانانێکی دەگمەنە لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیا
ئەوە دانپێدانانێکی دەگمەنە لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیا، کە لە سەرەتای لەشکرکێشی ڕوسیاوە فشارەکانی چڕتر کردوەتەوە بۆ ئەوەی بە زوترین کات وڵاتەکەی بخاتە نێو هاوپەیمانیی ناتۆوە.
زلێنسکی داوای کرد وڵاتەکەی و مۆڵدۆڤا بچنە نێو ناتۆوە
یەک ئەم مانگە، زلێنسکی داوای کرد وڵاتەکەی و مۆڵدۆڤا بچنە نێو ناتۆوە و رایگەیاند، گومانەکان لە پەیوەستبونی وڵاتەکەی ئەوروپا دەخەنە مەترسییەوە.
 چونە ناوەوەی کیێڤ بۆ ناو هاوپەیمانییەکە ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان
ناتۆ کە لە بنەڕەتدا پشتگیری لە لکاندنی ئۆکرانیا دەکات بە هاوپەیمانێتییەکەوە، ناڕونی لەبارەی خشتەی کاتییەوە دەهێڵێتەوە، چونکە چونە ناوەوەی کیێڤ بۆ ناو هاوپەیمانییەکە ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان چونکە ڕوسیا ئەم فراوانکردنە بە هێڵی سور دەزانرێت.

ئەندامانی رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ کە لە ماوەی مانگی تەمموزی داهاتودا لە ڤیلنیۆس بەڕێوەدەچێت، پرسی پەیوەستبونی ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن.