خەندان-
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، هەر پابەندبونێکی ئەمریکا بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە داهاتودا بەندە بە چینەوە، هاوکات جەختیشی لەوەکردەوە، کە واشنتن هێشتا بەدواداچون بۆ ئەو کارانە دەکات کە روسیا دەیکات.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، "ئێمە لە دوای ساڵی 2026 ئامادە دەبین بۆ رێزگرتن لە سنوردارکردنەکان و بەشداریکردن لە کۆنتڕۆڵکردنی چەک، بەڵام گۆڕاوە سەرەکییەکە سروشتی ئاڵوگۆڕەکانمان دەبێت لەگەڵ چین"، ئەو لێدوانە پێش وتارێک هات کە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی سەبارەت بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی پێشکەشکرا.
ئەمریکا هێشتا بەدواداچون بۆ کارەکانی روسیا دەکات
بەوتەی ئەو بەرپرسە باڵایە، کە داوای کردوە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئەمریکا هێشتا بەدواداچون بۆ کارەکانی روسیا دەکات، کە بەشداریکردنی لە پەیماننامەی "نیو ستارت"ی تایبەت بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی راگرتوە، کە دوا رێککەوتنی دو قۆڵییە لەو خۆرە کە ئەو دو وڵاتە دەبەستێتەوە بە وڵاتان و لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت.
ئەمریکا "کراوەیە" بەرامبەر بە گفتوگۆیەکی "بێ مەرج"
ئەو سەرچاوەیە دوپاتیکردەوە، کە ئەمریکا "کراوەیە" بەرامبەر بە گفتوگۆیەکی "بێ مەرج" لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە پرسی چەکی ئەتۆمی، رونیشیکردەوە، ئەمریکییەکان هەمیشە بەدوای ئەوەدان "ئاستێکی دیاریکراوی بەرامبەرایەتی" لە روسەکان بەدەستبهێنن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ پێنجشەممە "رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی" راگەیاند، ئەوەش لە کاردانەوە بڕیارەکەی روسیا بۆ راگرتنی بەشداریکردنی لە پەیماننامەکەدا.
ئەمریکا بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر چینە، کە بە خێرایی پەرە بە جبەخانەکەی دەدات
بەگوێرەی راپۆرتەکان، لەسەر بابەتە ئەتۆمییەکان وەک لە باقی چالاکییە دیپلۆماسییەکانیدا، ئەمریکا بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر چینە، کە بە خێرایی پەرە بە جبەخانەکەی دەدات.
ئیدارەی جۆو بایدن ئاماژەی بۆ پەکین نارد سەبارەت بە "ئامادەیی" و "بەرژەوەندی" لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە چەکی ئەتۆمی
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا دەڵێت، ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سەرەڕای گریمانەکردنی لۆژیکی کێبڕکێ لەگەڵ چین، بەڵام ئاماژەی بۆ پەکین نارد سەبارەت بە "ئامادەیی" و "بەرژەوەندی" لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە چەکی ئەتۆمی.
چین لەم دواییانەدا بانگهێشتی ئەمریکای بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگری هەردو وڵات ڕەتکردەوە، بەپێی ئاماری دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی (سیپری)، چین جبەخانەی 350 کڵاوی ئەتۆمی هەیە، روسیاش خاوەنی 4477 کڵاوی ئەتۆمییە، ئەمریکاش 3708 کڵاوی ئەتۆمی هەیە.