خەندان-
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی کۆبونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران تەواوبون کە لەماوەی سێ رۆژی رابردودا چەندین پرسی پەیوەست بە پەیوەندی ئابوری و دەروازە سنوریەکانی هەردولا تاوتوێکران، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، گفتوگۆکان لە ئاستێکی "زۆرباش"دا بەڕێوەچون و ئومێد دەکەن کە پەیوەندیەکان لەبواری کلتوری، ئابوری و بازرگانی و گەشتیاری بەهێز بکەن و رێککەوتون لەسەر بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندیەکان.
ماوەی سێ رۆژە شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوە لە پارێزگارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و بەرپرسی ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی ژوەر بازرگانییەکان و یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردوە و چەندین کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە.
گفتوگۆی باشکرا لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوام
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبونەوەکان تەواوبون، دوای کۆبونەوەکانی دوێنێ ئەمڕۆ بە ئامادەبونی جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عێراق و پارێزگاری ورمێ و سەرۆک و ئەندامانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی ورمێ و کۆمەڵێک لە وەبەرهێن و سەرمایەگوزارەکانی ئەو ناوچەیە کۆبوینەوە و گفتوگۆی باشکرا لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوام و باشکردن و بەهێزکردن و رێکخستنەوەی دەروازە و مەرزە نێودەوڵەتیە هاوسنوریەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان".
ەبارەی مەرزی کێڵێ، حاجی ئۆمەران و کردنەوەی مەرزی شۆشمێ- تەوێڵە بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان گفتوگۆکرا
ئاماژەی بەوەشکرد، لەبارەی مەرزی کێڵێ، حاجی ئۆمەران و کردنەوەی مەرزی شۆشمێ- تەوێڵە بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران و هەروەها مەرزی پشتە و بازاڕچەی سازان لە هەڵەبجە و سەیرانبەن و باشماخ و پەروێزخان "گفتوگۆی زۆر باشکرا".
باس لەکردنەوەی مەرزی تیلەکۆ لە گەرمیان کرا و کۆی ئەو گفتوگۆیانە لە ئاستێکی باشدا بەڕێوەچون
پارێزگاری سلێمانی وتیشی، "باس لەکردنەوەی مەرزی تیلەکۆ لە گەرمیان کرا و کۆی ئەو گفتوگۆیانە لە ئاستێکی باشدا بەڕێوەچون، هەردولا ئامادەیی خۆیان بۆ هەماهەنگی بەردەوام دەربڕی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرنامەی خۆیان بۆ ئەو کارە خستەڕو، ژوەر بازرگانییەکانی هەردولا باسیان لە گرفت و ئاستەنگەکان کرد و ئێمەش وەکو لایەنی بەڕێوەبردن باسمان لە پشتیوانیکردن و لابردنی ئەو ئاستەنگانە کرد، ئومێد دەکەین بتوانین بەشێوەیەکی زۆر باش پەیوەندیەکان لەبواری کلتوری، ئابوری و بازرگانی و گەشتیاری بەهێز بکەین".
گفتوگۆ لە بارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگاچارەى گونجاو کرا بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندیەکان
هاوکات پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا بە ئامادەبونی عەلی تەبا تەبائی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عێراق، جەخت لە سەر پتەوکردنى پەیوەندییە پیشەسازى و بازرگانیەکانیەکان و پێشخستی زیاترى کرایەوە و تیشک خرایە سەر ڕەوشی ئابوری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنورییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران، گفتوگۆ لە بارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگاچارەى گونجاو کرا بۆ بەرەوپێشبردنى ڕەوشی ئابورى و پیشەسازى و بازرگانى و وەبەرهێنان لە نێوان هەردولادا.
"قەڵغانی ڕێزلێنان" پێشکەش بە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کرا
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، لەلایەن پارێزگارانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، "قەڵغانی ڕێزلێنان" پێشکەش بە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عێراق و پارێزگاری ئورمییە و سەرۆکی ژورى بازرگانى و پیشهسازیی ئورمیە کرا.