هەردوکیان لە یەک رۆژدا دەرچون؛ چیرۆکی سەرکەوتنی پەنابەرێکی سوری و کچەکەی لە ئەمریکا

07:18 - 02/06/2023

3749جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژنێکی سوری و کچەکەی دوای 9 ساڵ لە گەیشتنیان بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک پەنابەر بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان بەدەستهێنا و پێکەوە زانکۆیان تەواوکرد.

لە میانی مەراسیمی دەرچون کە لە زانکۆی ویلیام پاتەرسۆن لە ویلایەتی نیوجرسی بەڕێوەچو، ئەو کچە گەنجە بەناوی رەشا ئەحمەد رایگەیاند، پەیامی بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت خوێندن بەدەستبهێنن ئەوەیە، کە "پێویستە کاری قورس بەبێ کات بەفیڕۆنەدان بکەن، چونکە پەروەردە سەرکەوتن و کارکردن و دانانی ئامانجێک لە مێشکتدا سودی بۆت هەیە".

دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2011 وەک پەنابەر گەیشتونەتە ئەمریکا
ستانی حاجیبی و کچەکەی بەناوی رەشا، دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2011 وەک پەنابەر گەیشتونەتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، پێشتر ئەو خێزانە لە سوریا بە شێوەیەکی ئاسایی دەژیان، بەڵام دوای سێ ساڵ لە دەستپێکردنی توندوتیژییەکان، بڕیاریاندا داوای مافی پەنابەری لە ئەمریکا بکەن و لە نیوجرسی نیشتەجێ بون.

زۆری نەخایاندوە، رەشا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی کۆمەڵایەتی پاسایک کاونتی بەدەستهێنا و لە کۆتاییدا ناوی خۆی لە زانکۆی ویلیام پاتەرسۆن تۆمارکرد، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا دایکی ناوی خۆی تۆمارکردوە لەکاتێکدا ئەوان کاریان دەکرد بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.
زۆر ماندو بوین، کارێکی زۆرمان هەبو جگە لە خوێندنەکەمان
ئەو کچە گەنجە دەڵێت، "زۆر ماندو بوین، کارێکی زۆرمان هەبو جگە لە خوێندنەکەمان"، لەئێستاشدا ئەو دایک و کچە بەنیازن بڕوانانەی ماستەر بەدەستبهێنن.
پەروەردە لە ژیانی هەر کەسێکدا لە پێش هەمو شتێکەوەیە
هەروەها رەشا دەڵێت، "بەبێ گوێدانە شەڕ، یان هەر بارودۆخێکی دیکە، پەروەردە لە ژیانی هەر کەسێکدا لە پێش هەمو شتێکەوەیە".
باوکی رەشا نەیتوانیوە مافی پەنابەری وەربگرێت
ماڵپەڕی زانکۆی ویلیام پاتەرسن، کە رەشا و دایکی لێی خوێندویانە لە راپۆرتێکدا دەربارەیان باسی لەوەکردوە، باوکی رەشا نەیتوانیوە مافی پەنابەری وەربگرێت، بەڵام بەم دواییە سودی لە رێکارەکانی یەکگرتنەوە وەرگرتوە و دواجار چاوی بە هاوسەر و کچەکەی دەکەوێت، کە ماوەی 9 ساڵە لێیان دورە.
نەیاندەتوانی بچنەوە سوریا و هاوسەرەکەشی ڤیزەی نەبو بۆ ئەوەی بچێتە ئەمریکا
ستانی حاجیبی رونیکردوەتەوە، نەیاندەتوانی بچنەوە سوریا و هاوسەرەکەشی ڤیزەی نەبو بۆ ئەوەی بچێتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.

ئەو خانمە بە ماڵپەڕی زانکۆکەی وتوە، "باوەڕ بکەن یان نەیکەن، ئەو لە ئێمە دڵخۆشترە، دڵخۆشترە، چونکە هاوسەر و کچەکەی لە یەککاتدا دەرچون".

نیشانەکردن

ئەمریکا سوریا