خەندان-
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، کات سەلماندویەتی کە شەڕی روسیا لە دژی ئۆکرانیا "هەڵەیەکی ستراتیژییە"، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی مۆسکۆ بەدەست کاردانەوەکانییەوە دەناڵێنێت.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە شاری هێلسنکی فینلاند بۆ میدیاکان قسەی کرد وتی، "هەوڵماندا پێش بە شەڕی ئۆکرانیا بگرین، بەڵام سەرکەوتو نەبوین".
سەرۆکی ڕوسیا هەنگاوی ناوە بۆ سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندن
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرۆکی ڕوسیا هەنگاوی ناوە بۆ سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندن و سەدان هەزار کەسی ناچارکرد ماڵەکانیان بەجێبهێڵن"، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کاریان کردوە بۆ پشتگیریکردنی ئۆکرانیا و بەهێزکردنی وڵاتانی ناتۆ دوای دەستپێکردنی شەڕەکە.
واشنتن پابەندە بە پاراستنی هەر سانتیمەترێک لە خاکی وڵاتانی ناتۆ
بلینکن جەختی لەوەکردەوە، کە واشنتن "پابەندە بە پاراستنی هەر سانتیمەترێک لە خاکی وڵاتانی ناتۆ"، وتیشی، پوتن "شکستی هێناوە لە لاوازکردنی ئەم هاوپەیمانییە".
دەرگای هاوپەیمانیی ناتۆ بەڕوی هاوبەشی نوێدا کراوەیە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رونیکردەوە، "ناتۆ کار بۆ بەهێزکردنی بەرگری و ئاسایش دەکات و دەرگای هاوپەیمانییەکە بەڕوی هاوبەشی نوێدا کراوە دەمێنێتەوە".
پەیوەست بە سزاکانی هاوپەیمانان دژی روسیا، پلینکن دەڵێت، "سزای بێ وێنەمان بەسەر روسیادا سەپاند و روسیا ئەمڕۆ لاوازترە بە بەراورد بە پێش شەڕەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، سەرەڕای ئەوەش هەوڵدەدەین شەڕی روسیا دژی ئۆکرانیا بوەستێنین".