عێراق و ئێران هەنگاوی نوێ بۆ سنورەکانیان دەگرنەبەر

12:01 - 02/06/2023

3538جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیوا محەمەد عەبدولوەهاب سەعیدی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، پەیوەندیەکی بەهێز لەنێوان فەرماندە مەیدانییەکانی سەر سنوری عێراق و ئێران هەیە، ئەم پەیوەندیەش بەردەوام دەبێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی زیاتری سنورەکان.

لیوا محەمەد عەبدولوەهاب سەعیدی لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ فەریق ئەحمەد عەلی کودارزی هاوتا ئێرانییەکەی ڕایگەیاند، پێشوازیکردن لە سەردانکەرانی ئێرانی یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتی عێراق، چونکە ئەوان بە نیازێکی دڵسۆزانە بۆ سەردانی ئیمام حوسێن دەچنە ناو عێراقەوە.

عێراق و ئێران ئامانجی هاوبەش و هەروەها دوژمنی هاوبەشیان هەیە

فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق جەختی لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری و گواستنەوەی شارەزایی و بەرزکردنەوەی ئاستی هەواڵگری لە نێوان هەردو وڵات کردەوە و رایگەیاند، "عێراق و ئێران ئامانجی هاوبەش و هەروەها دوژمنی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و گواستنەوەی شارەزایی هەیە لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و گروپە دوژمنکارەکان و چارەسەرکردنی دۆسیەکانی قاچاخچێتی لە سنورەکانی دو وڵاتی هاوبەش".

هێزەکانی پاسەوانی سنور لە هەردو وڵات پێکەوە کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش

لەلای خۆشیەوە، فەریق ئەحمەد عەلی کودارزی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران رایگەیاندوە، "هێزەکانی پاسەوانی سنور لە هەردو وڵات پێکەوە کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، فەرماندەیی پاسەوانی سنور لە ئێران گەیشتوەتە پێگەیشتنی تەواو لە مەیدانی سنوریدا، ئەمڕۆش ئەرکی دابینکردنی ئاسایش بۆ سنورەکانی وڵات دەگرێتە ئەستۆ کە بریتیە لە هەشت هەزار و 755 کیلۆمەتر.

 ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی ئەرێنی سنوری نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنور لە وڵاتەکەی و عێراق کرد و وتی، "وڵاتەکەی هەزار و 609 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە و ئەم مەودا دور و درێژەی سنوری بە هاوبەشی کۆنترۆڵ دەکرێت پەیوەندی باش و کارلێکی باش کە هێزەکانی پاسەوانی سنور لە هەردو وڵات کۆدەکاتەوە".

نیشانەکردن

عێراق ئێران