خەندان-
ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی وەزارەتە جیاجیاکانی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە گۆڕەپانی تەحریر لە سەنتەری شاری بەغدای پایتەخت خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و داوای هەموارکردنەوەی موچەکانیان و زیادکردنی دەکەن.
بەگوێرەی زانیاریەکان، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی وەزارەت جیاجیاکان لە گۆڕەپانی تەحریر لە سەنتەری شاری بەغدای پایتەخت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای جێبەجێکردنی لیستی نوێی موچە دەکەن.
ئەو موچەیەی ئێستا وەریدەگرن کەمە و بەشی دابینکردنی پێداویستیەکانی رۆژانەیان ناکات
خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر داوادەکەن، ئەو لیستەی کە لەلایەن لیژنەی دارایی و لیژنەیەکی حکومیەوە ئامادەکراوە، لەئەنجومەنی وەزیران پەسەند بکرێت و موچەکانیان بۆ زیادبکرێن، بەوتەی بەشێکیان، ئەو موچەیەی ئێستا وەریدەگرن کەمە و بەشی دابینکردنی پێداویستیەکانی رۆژانەیان ناکات.
لیستی نوێی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت هێشتا لە قۆناغی وردبینیدایە
پێشتر لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دوپاتیکردەوە کە لیستی نوێی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت هێشتا لە قۆناغی وردبینیدایە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، جەختیشیکردەوە، "هەمواری لیستی موچە هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای بودجەوە نییە".
هاوکات عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە، هەموارکردنەوەی لیستی موچە لە ئێستادا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و پێداچونەوەدایە لەلایەن حکومەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی حکومەتی بەرپرسی هەموارکردنەوەی لیستی موچەیە و پێیوایە، "پێویستە بە زوترین کات ئەرکەکانی تەواو بکات".