خەندان-
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، کۆنفرانسی لاھای بۆ ڕێگریکردن لە ھێرشەکان بە چەکی کیمیایی سەرەتایی لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست بەڕێوەچو، کە چوار ئەفسەری هەرێمی کوردستان تیایدا بەشداربون، کە دوانیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و دو ئەفسەرەکەی دیکەش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بون.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆنفرانسی لاھای بۆ رێگریکردن لە ھێرشەکان بە چەکی کیمیایی سەرەتایی لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست بەڕێوەچو، کە ڕێکخراوی CRDF - Global سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەرکی ڕێکخستن و بەڕیوبردنی ئەم کونفرانسەی بە ئەستۆ گرتبو، شارەزایانی بواری کیمیاوی لە FBI و ئینتەرپوڵ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەشداری کونفرانسەکە بون.
مارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان و شارەزایانی بواری کیمیایی لە وڵاتی ئوردەن بەشداری کونفرانسەکە بون
ئاماژەی بەوەشکردوە، ھاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان و شارەزایانی بواری کیمیایی لە وڵاتی ئوردەن بەشداری کونفرانسەکە بون، لە عێراقیش ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلە باڵای سەربازی عێراقی بانگهێشتی کونفرانسەکە کرابون، لە ھەرێمی کوردستانیش چوار ئەفسەر لەم کونفرانسه گرینگه ئاماده بون که دو ئەفسەر سەر به وەزارەتی پێشمەرگە و دو ئەفسەری دیکەش سەر به وەزارەتی ناوخۆ بون.
بەشداربوان جەختیان لەسەر پەرەدان به ھەوڵە ھاوبەشەکان بۆ ڕێگریکردن لە تیرۆرستان کردەوە
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، لەم کونفرانسەدا، بەشداربوان جەختیان لەسەر پەرەدان به ھەوڵە ھاوبەشەکان بۆ ڕێگریکردن لە تیرۆرستان بۆ دەستکەوتنیان به ھەر جۆره کەرەستەیەک کرد کە ببێتە ھۆی دروستکردنی چەکی کیمیایی، ھەروەھا لە سەر بابەتی چاودێریکردنی ئەو ماددە کیمیاوییانە کە دەبنە ھۆی دروستکردنی بۆمبە کیمیاوییەکان لە لایەن تیرورستانەوه.
، تەوەری مەترسی دەستپێڕاگەیشتنی تیرۆرستان به ماددە ژەھراوییەکان گفتوگۆکرا
له بەشێکی دیکەی ئەم کونفرانسه ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارازەیان لە بواری چەکی کیمیایی، تەوەری مەترسی دەستپێڕاگەیشتنی تیرۆرستان به ماددە ژەھراوییەکان و بەکارھێنانیان دژ به خەلکی سڤێلیان، خسته بەرباس و گفتوگۆ.
کونفرانسی لاھای بۆ "رێگریکردن لە ھێرشەکان بە چەکی کیمیایی سەرەتایی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست" لە رۆژی 28ی ئایاری 2023، دەستیپێکرد و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بو.
لە کۆتا ڕۆژی کونفرانسەکەدا و بە ئامادەبونی کونسوڵی ئەمریکا لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی OPCW و هەروەها بەرپرسانی کونسوڵخانەی عێراق و ئوردەن لە ھوڵندا، کونفرانسەکه بە دابەشکردنی بڕوانامە بەسەر بەشداربواندا کۆتایی پێهات.
