هەڵوێستی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی لێبوردنی گشتی راگەیەندرا

08:44 - 01/06/2023

3591جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی دامەزراوەی تەقەدوم بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە رایگەیاند، هەندێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەکەنەوە یاسای لێبوردنی گشتی پەسەند بکەن، بەڵام لایەنەکانی سوننە پشتیوانی لە دەرچونی یاساکە دەکەن.

عیسا ئەلعەدای، سەرۆکی دامەزراوەی تەقەدوم بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "یاسای لێبوردنی گشتی کە عێراقییەکان چاوەڕێی دەکەن لە کاتێکدایە کە لە دۆخی عێراقدا ئاڵۆزی و ناڕونی هەیە، بەڵام دوای سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەبێت لاپەڕەیەکی نوێ دەستپێبکات کە مافی چەوساوەکان لەناو زیندانییەکاندا بگەڕێنێتەوە".

هیوادارە کۆتایی بەو نادادپەروەرییە بهێنرێت بەرامبەر عێراقییەکان
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی رابردودا چەندین یاسای لێبوردنی گشتی دەرچون، ئەو یاسایەی باسی دەکەن، هەموارکردنەوەی یاسای 27یە لە ساڵی 2016، کە هیوادارە کۆتایی بەو نادادپەروەرییە بهێنێت بەرامبەر عێراقییەکان.
پێکهێنانی لیژنەکان بەزۆری بە مانای دواخستنی ئەو پرسە دێت
سەرۆکی دامەزراوەی تەقەدوم بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە باسی لەوەشکرد، "پێکهێنانی لیژنەکان بەزۆری بە مانای دواخستنی ئەو پرسە دێت، بەڵام هیوادارین سودانی پابەندی ئەو شتانە بێن کە بەڵێنی پێداوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پابەندبونێکمان نەبینیوە بەو شتانەی کە لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەتایبەتی پرسی لێبوردنی گشتی".
زیاتر لە 76 هەزار دەستبەسەرکراو هەن، کە 49 هەزاریان سزادراون، لەنێویاندا سێ هەزار ژن و دو هەزار نەوجەوان
ئەوەشی خستەڕو، "زیاتر لە 76 هەزار دەستبەسەرکراو هەن، کە 49 هەزاریان سزادراون، لەنێویاندا سێ هەزار ژن و دو هەزار نەوجەوان، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە، هێزە سوننەکان هەوڵی پشتگیریکردنی یاساکە دەدەن، بەڵام بەشێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەتیدەکەنەوە پەسەندی بکەن".
لێکدانەوەی هەڵە بۆ یاسا لە ڕێگەی مانا و لێکدانەوەی تیرۆرەوە هەیە
هەروەها دەڵێت، "لێکدانەوەی هەڵە بۆ یاسا لە ڕێگەی مانا و لێکدانەوەی تیرۆرەوە هەیە کە چەندین رەفتار لەخۆدەگرێت و پێویستە پێناسەیەکی ورد بۆ تیرۆر دیاری بکەین، بۆ ئەوەی ئەوانەی کە یاسای لێبوردن دەیگرێتەوە و نایانگرێتەوە جیا بکەینەوە".