خەندان-
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاشکرایکرد، کەڵەکەبونی مەزەندەکراوی ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراو زیاتر لە 23 هێندەی سنوری ڕێگەپێدراوی تێپەڕاندوە، بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی 2015ی نێوان تاران و زلهێزەکان.
بەپێی راپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کۆی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە 13ی ئایاردا گەیشتوەتە چوار هەزار و 744.5 کیلۆگرام، سنوری ڕێگەپێدراو لە ڕێکەوتنەکەدا 202.8 کیلۆگرامە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ زیادبونی عەمبارکردنی یۆرانیۆمی پیتێنکراوی ئێران بە ڕێژەی 983.7 کیلۆگرام.
ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئەو سنوردارکردنانەی کە بەپێی ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015 بەسەریدا سەپێنراون
ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی
ڕایگەیاند، "ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئەو سنوردارکردنانەی کە بەپێی ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015 بەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانیدا سەپێنراون".
وەڵامی دو لێکۆڵینەوەی هەڵپەسێردراوی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داوەتەوە
لە لایەکی دیکەوە ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردوە، کە ئێران وەڵامی دو لێکۆڵینەوەی هەڵپەسێردراوی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داوەتەوە.
پشکنەران چیتر پرسیاریان لەسەر ئەو گەردیلانەی یۆرانیۆم نەماوە کە پیتێنراون
ئاماژەی بەوەشکردوە، پشکنەران چیتر پرسیاریان لەسەر ئەو گەردیلانەی یۆرانیۆم نەماوە، کە لە دامەزراوەی ژێرزەمینیی فۆردۆدا بۆ 83.7% پیتێنراون.
ئێران ڕۆژی سێشەممە رایگەیاند، پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان هەردو هێڵی لێکۆڵینەوەیان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی داخستوە.
ئەو ڕاپۆرتە لەکاتێکدایە کە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە پەرەی سەندوە، لەم دواییانەدا تاران ڕوبەڕوی توڕەیی ڕۆژئاوا بوەوە بەهۆی "پڕچەککردنی ڕوسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی".