بەرپرسێکی کۆمسیۆنی عێراق: بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی کوردستان، پێویستمان بە کۆمسیۆنی هەرێم نیە

09:38 - 31/05/2023

3364جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق پەیوەست بە نادەستوریبونی درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پرسیار لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێم دروستبو، بەرپرسێکی کۆمسیۆنی عێراق دەڵێت، "ئەگەر ئێمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوە ببەین، ڕەنگە ئەو پێویستییە ئەوتۆیەمان نەبێت بە کۆمسیۆنی هەرێم، مەگەر تەنها بۆ چەند بابەتێکی ڕێکاری پێویستمان بێت".

هیمان تەحسین بەگ، بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، بەڕێوەبردنی هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بەلانیکەم پێویستیان بە 10 مانگ هەیە، بۆیە بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئەمساڵدا قورسە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

پێویستە بە فەرمی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە داوامان لیبکرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەکەوێتە سەر چەند شتێک، یەکەم "پێویستە بە فەرمی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە داوامان لیبکرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، تا ئەم ساتەش هیچ داوایەکمان لەو ڕوەوە لێنەکراوە".
لەمکاتەدا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق
ئەو بەرپرسەی باسی لەوەشکرد، "لەمکاتەدا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ئەو ڕۆژە گفتوگۆیەکی تێر و تەسەلمان کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیران (محەمەد شیاع السودانی) بۆ دیاریکردنی رۆژی 18ی مانگی دوانزەی ئەمساڵ(2023) بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق، بۆیە ئێستا کۆمسیۆن سەرقاڵی ڕێوشوێن و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە لە عێراق".
لە ئەمساڵدا کارکردن بۆ ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە کەمێک ئاڵۆزە
هیمان تەحسین بەگ وتیشی، "هەرێمی کوردستانیش لە چوار پارێزگا پێکهاتوە، بۆیە لەمکاتە و لە ئەمساڵدا کارکردن بۆ ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە کەمێک ئاڵۆزە".
پێموایە ئەستەمە بۆ ئێمە وەک کۆمسیۆن، چونکە ڕەنگە فریای زۆر شت نەکەوین
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر حکومەتی هەرێم بە فەرمی داوای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانتان لێبکات ئایا هەر ناتوانن لە ئەمساڵدا ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوە ببەن؟، لە وەڵامدا هیمان تەحسین بەگ وتی، "پێموایە ئەستەمە بۆ ئێمە وەک کۆمسیۆن، چونکە ڕەنگە فریای زۆر شت نەکەوین، لەبەر ئەوەی ڕونە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دەبێت بە یاسا کۆنەکەی هەڵبژاردنی هەرێم بکرێت".

بەرپرسەکەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "پێویستە ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆببێتەوە و گفتوگۆیەکی باش بکرێت لەگەڵ هەمو فەرمانگەکانی کۆمسیۆن دەبێت بزانین ئامادەییمان هەیە یاخود نا؟ وە ئەو ڕێگرییانە چین ئەگەر بمانەوێت ئێمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوە ببەین؟ بە تەواوی چەندە کاتمان پێویستە لە حاڵەتێکدا ئەگەر بە فەرمی داوامان لێکرا".
پێشتریش ئاماژەمان پێکردوە بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێک پێویستمان بە 10 مانگ هەیە
بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی وت، "پێشتریش ئاماژەمان پێکردوە بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێک پێویستمان بە 10 مانگ هەیە بۆ ئامادەکارییەکان تا گرێبەست بکەین لەگەڵ کۆمپانیاکان، و تەواوی ڕێکارەکانی تر جێبەجێ بکەین، نایشارمەوە ئێستا ئامادەکاری باشمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کردوە، بەڵام ئەم بابەتی هەڵبژاردنەی پەرلەمانی هەرێم نوێیە و ئامادەکاری زۆری دەوێت".
ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوە ببەین، ڕەنگە ئەو پێویستییە ئەوتۆیەمان نەبێت بە کۆمسیۆنی هەرێم
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە حاڵەتێکدا ئەگەر بە فەرمی داوای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمتان لێکرا هەماهەنگیتان چۆن دەبێت لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم؟، لە وەڵامدا هیمان تەحسین بەگ وتی، "ئەگەر ئێمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوە ببەین، ڕەنگە ئەو پێویستییە ئەوتۆیەمان نەبێت بە کۆمسیۆنی هەرێم، مەگەر تەنها بۆ چەند بابەتێکی ڕێکاری پێویستمان بێت، چونکە ئێمە ئەزمونی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی سەرتاسەریمان لە عێراق هەیە، کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان چەند جار بەڕێوەبردوە".

رونیشیکردەوە، "رێوەشوێنەکان و ئامادەکاریییەکانی ئەوان (کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم) لەروی هونەرییەوە جیاوازە، چونکە ئێمە هەمو ڕێوشوێنەکان بە ئامێر دەکەین، بەڵام ئەوان ئەو ڕێوشوێنەیان نییە، تۆماری دەنگدەرانی ئێمە نوێکراوەتەوە و چاودێرییەکی توندی لەسەرە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە تایبەتمەندییەکانی جیهان".