خەندان-
راوێژکارێکی دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق قەبارەی زێڕی کەڵەکەبوی خەڵک و ئەو زێڕەی کە ساڵانە دێنە نێو عێراقر راگەیاند و دەڵێت، ساڵانە 50 تۆن دەهێنرێتە عێراقەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "خێزانە عێراقییەکان لە ماوەی سەدەی رابردودا (زێر و خشل و گەوهەر) و سەروەت و سامانی جۆراوجۆریان لەدەستدا، وەک چۆن زێڕ لەو سەردەمەدا لە ژێر قورسایی سەختییەکانی ژیانی ئابوریدا بەکاردەهێنرا بۆ گۆڕینەوەی بە ئامڕازەکانی بژێوی ژیان".
لە سەردەمی ڕژێمی پێشودا زێڕ بۆ ئاڵوگۆڕکردن و بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکان برانە دەرەوەی وڵات
ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆربەی زێڕی دەست بەسەرگیراوەکان لە سەردەمی ڕژێمی پێشودا، وەک ئامڕازێک بۆ ئاڵوگۆڕکردن و بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکان برانە دەرەوەی وڵات، ئەمە جگە لە لەدەستدانی یەدەگی فەرمیی وڵات لە زێڕ و دراوی بیانی کە دەبوایە بدرێت بۆ بڕیارەکانی گەمارۆی نێودەوڵەتی لەوکاتەدا".
لە ئێستادا تێکڕای هێنانی زێڕ بۆ عێراق ساڵانە دەگاتە 50 تۆن
راوێژکارەکەی سودانی وتیشی، "گەشەسەندنی بارودۆخی ئابوری ئەرێنی وڵات لە دوای ساڵی 2003 و ڕۆیشتنی داهاتی نەوت و سەرچاوەکانی دیکە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردودا، بوەهۆی گۆڕانکاری لە هاوکێشەکانی سامانی زێڕ و خواست لەسەری، لە ئێستادا تێکڕای هێنانی زێڕ بۆ عێراق ساڵانە دەگاتە 50 تۆن".