سوپای روسیا لەناوبردنی "دوایین کەشتی جەنگی" ئۆکرانیا راگەیاند

04:09 - 31/05/2023

4478جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

روسیا ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسیارێتی لەناوبردنی کەشتی "یوری ئۆلیڤێرێنکۆ"ی لە ئۆدێسا لە باشوری ئۆکرانیا راگەیاند، کە مۆسکۆ دەڵێت، دوایین کەشتی جەنگی هێزی دەریایی ئۆکرانیایە کە هێشتا لە خزمەتدا بوە.

وەزارەتی بەرگری روسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "دوێنێ سێشەممە لە ئەنجامی لێدانەکانی بە چەکی وردی لەلایەن هێزەکانی فڕۆکەوانی ڕوسیا بۆ سەر ناوچەی بەستنەوەی کەشتییە سەربازییەکان لە بەندەری ئۆدێسا، دوا کەشتی جەنگی هێزی دەریایی ئۆکرانیا (یوری ئۆلیڤێرێنکۆ) لەناوبردوە".

تائێستاش هێزی دەریایی سەربازی ئۆکرانیا هیچ کاردانەوەیەک و راگەیەندراوێکی دەرنەکردوە.

کەشتییەکە لە ساڵی 2016 ناوەکەی گۆڕدرا وەک ڕێزێک بۆ سەربازێکی ئۆکرانی 
کەشتیی "یوری ئۆلیڤێرێنکۆ" توانای هەڵگرتنی سەربازان و پێداویستی دیکەی سەربازی هەیە،  لە ساڵی 2016 ناوەکەی گۆڕدرا وەک ڕێزێک بۆ سەربازێکی ئۆکرانی کە لە ساڵی 2015 لە نزیک شاری ماریوپۆل لە باشوری ڕۆژهەڵات کوژرا.
زلێنسکی ڕێزی لە تیمەکەی گرت بەهۆی "پاڵەوانێتی"یان لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەی
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022، سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی ڕێزی لە تیمەکەی گرت بەهۆی "پاڵەوانێتی"یان لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەی لە بەرامبەر هێرشە سەربازییە بەرفراوانەکەی ڕوسیا.

هەروەها ئەو کەشتییە لە ساڵی 2014 بۆ چۆڵکردنی سەربازانی ئۆکرانیا بەکارهاتوە دوای لکاندنی کرێمیا لەلایەن مۆسکۆوە.