خەندان-
شەڕ و پێکدادانی دەستە و یەخە و پاشانیش تەقەکردن لەنێوان ژمارەیەک هاوڵاتی عێراق و لوبنانی لە شەقامێکی سەرەکی سان پاوڵۆ رویدا و هێزەکانی پۆلیسیش دەستوەردانیان کرد و ژمارەیەکیان دەستگیرکرد.
ئێوارەی دوێنێ لە شەقامێکی بازرگانی کە بە پایتەختی ئابوری بڕازیل دادەنرێت لە سان پاوڵۆ، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی عێراق و لوبنان کە نیشتەجێی ئەو شارەن رویدا، بەپێی ئامارەکانیش شاری سان پاوڵۆ نیوەی زیاتری دانیشتوانەکەی کە دەکاتە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس کەسانی بیانی و لەنەتەوەکانی دیکەن.
شەقامی 25 دی مارسۆ کە تایبەتە بە فرۆشتنی بەکۆمەڵی جلوبەرگ و قوماشی ئامادەکراو لە ناوەندی بازرگانیدا داخرا
شەڕەکە هێندە بەربڵاو بو، شەقامی 25 دی مارسۆ کە تایبەتە بە فرۆشتنی بەکۆمەڵی جلوبەرگ و قوماشی ئامادەکراو لە ناوەندی بازرگانیدا، بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەشدارییان تێدا کردوە داخرا، بەوتەی پۆلیس هەردولایەنی شەڕەکە زیاتر لە 80 کەس بون، بەوهۆیەشەوە بەناچاری زۆربەی شەقامەکانی بەرەو ناوچەکەیان داخستوە، هەروەها هەندێک دوکان لە ترسی فراوانبونی زیاتری شەڕەکە دوکانیان داخستوە.
لەهەردو لایەنی شەڕەکە چەند کەسێک بریندارن و بەدروستی ژمارەکەیان نەزانراوە
هەرچەندە بەشێک لە شەڕەکان بە چەقۆ و دەمانچە بون، بەڵام لە ژمارەیەک تۆماری ڤیدیۆدا دەرکەوتوە، تا ئێستا بەفەرمی ئاماری زیانە گیانیەکان نەخراوەتەڕو، بەڵام لەهەردو لایەنی شەڕەکە چەند کەسێک بریندارن و بەدروستی ژمارەکەیان نەزانراوە.
شەڕەکە بە ناکۆکییەکی بازرگانی نێوان ئەندامانی ئەو دو بنەماڵەیە دەستیپێکردوە، تەنها بوە هۆی برینداربونی لوبنانییەک، بەڵام دواتر پەرەی سەندوە و بوەتە شەڕی نێوان عێراقیەکان و لوبنانیەکان.