خەندان-
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە رەزامەندی دەربڕی لەسەر بڕینی ئینتەرنێت لە کاتژمێر 4:00ی بەیانی تا 8:00ی بەیانی لە ماوەی تاقیکردنەوە گشتیەکانی سێی ناوەندی و شەشەمی ئامادەیی.
وەزارەتی پەروەردە لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بەدواداچونی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران، ئیبراهیم جبوری وەزیری پەروەردە هەوڵەکان کۆدەکاتەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی تاقیکردنەوە گشتییەکانی سێی ناوەندی و شەشەمی ئامادەیی و داواشدەکات، هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان، .
وەزیری پەروەردە ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی فراوانی وەزارەتەکەی کردوە
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری پەروەردە ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی فراوانی وەزارەتەکەی کردوە بەئامادەبونی بریکار و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی و سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بەرپرسەکانی پەروەردە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئامادەکاری تاقیکردنەوەکان.
بڕیاریدا مامەڵەکردن بەشێوەیەکی پەروەردەیی نەرم و نیان بێت لەگەڵ ئەو خوێندکارانەی کە تاقیکردنەوەکە ئەنجامدەدەن
وەزیری پەروەردە چەند ڕاسپاردەیەکی پشتڕاستکردەوە کە لەئەنجامی سەردانە مەیدانیەکانی دەریکردون، بەتایبەت دابینکردنی تیمی تەندروستی لەنزیک هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان، هەڵبژاردنی کارمەندانی شارەزا و هەڵسوکەوتی باش بۆ بەڕێوەبردنی سەنتەرەکان، هەروەها مامەڵەکردن بەشێوەیەکی پەروەردەیی نەرم و نیان لەگەڵ ئەو خوێندکارانەی کە تاقیکردنەوەکە ئەنجامدەدەن، هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەکی بەدواداچون بۆ پاڵپشتی لیژنە لاوەکییەکان لە ئەرکەکەیاندا بە هاوکاری لەگەڵ ئاسایش و کارەبا و تەندروستی و خوێندنی بالا و پەیوەندیەکان بۆ رێگەکردن لە چەواشەکاردنی خوێندکاران.
ئەنجومەنی وەزیرانی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بڕینی ئینتەرنێت لەکاتەکانی تاقیکردنەوە گشتیەکان
وەزیری پەروەردە راشیگەیاندوە، ئەنجومەنی وەزیرانی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بڕینی ئینتەرنێت لەکاتەکانی تاقیکردنەوە گشتیەکان و بەتایبەت لەکاتژمێر 4:00ی بەیانی تاوەکو 8:00ی بەیانی.
ئیبراهیم جبوری ستایشی ڕۆڵی وەزارەتی کارەبای لە دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ ناوەندەکانی تاقیکردنەوە کردوە، جگە لە ڕۆڵی بەرزی هێزە ئەمنییەکان لە پاراستن و ئاسایشی پرسیارەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دوای سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەی سەرەتایی.
بڕیارە تاقیکردنەوەی وزاری پۆلی سێیەمی ناوەندی لە یەکی (حوزەیران/6)ی 2023 دەستپێبکات و رۆژی 17ی هەمان مانگیش کۆتایی دێت، هەروەها تاقیکردنەوە گشتیەکانی پۆلی شەشەمی ئامادەییش لە 21ی (حوزەیران/6)ەوە دەستپێدەکات و رۆژی 16ی (تەموز/7)ی ئەمساڵ کۆتایی دێت.