پەرلەمانتارێکی یەکێتی تازەترین زانیاری لەبارەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچە ئاشکرادەکات

05:37 - 29/05/2023

17308جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، فراکسیۆنەکەی سورە لەسەر جێگیرکردنی بڕگەی تایبەت بە دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران لەناو پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی 2023 و دەشڵێت، "هیوادارین پارتیش لەگەڵمان رێکبکەوێت و بتوانین ئەو مافە بۆ موچەخۆرانی هەرێم بگێڕینەوە".

د. بڕیار رەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، وەکو فراکسیۆن پێشنیازمان کردوە کە مانگانە رێژەی 10%ی موچە پاشەکەوتکراوەکانی موچەخۆرانی هەرێم بدرێتەوە، هەر ئەو پێشنیازەش دروشمێکی فراکسیۆنەکەمان بوە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاند.

داوامانکرد بڕگەیەک جێگیربکرێت کە حکومەتی هەرێم پابەندبکرێت بەدانەوەی پاشەکەوتی موچە

وتیشی، "لەکاتی خوێندنەوەی دوەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە، وەکو پەرلەمانتار و وەکو فراکسیۆنیش راگەیەندراومان هەبو و داوامانکرد بڕگەیەک جێگیربکرێت کە حکومەتی هەرێم پابەندبکرێت بەدانەوەی پاشەکەوتی موچە".

ئێمە جەختمانکردۆتەوە لەسەرئەوەی دەبێت بڕگەیەک بۆ دانەوەی پاشەکەوت جێگیربکرێت

ئەوەشیخستەڕو، "لەلیژنەی دارایی چوار پەرلەمانتاری کورد هەیە، دو پەرلەمانتاریان پارتی و یەکێکیان یەکێتی و ئەوی دیکەشیان فراکسیۆنی یەکگرتوە، ئێمە جەختمانکردۆتەوە لەسەرئەوەی دەبێت بڕگەیەک بۆ دانەوەی پاشەکەوت جێگیربکرێت".

پاشەکەوتی موچە پەیوەندی بەفراکسیۆنە کوردیەکانەوە هەیە

سەبارەت بەدەستکاریکردنی ماددەکانی پەیوەست بەهەرێم و لابردنی بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچە، د. بڕیار رەشید دەڵێت، "پاشەکەوتی موچە پەیوەندی بەفراکسیۆنە کوردیەکانەوە هەیە، ئەگەر ئێمە یەکدەنگ و یەکگرتو بین پەرلەمانتارە عەرەبەکان دەستوەردانی تێدا ناکەن چونکە زیاتر پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە، ئەوکات دەبێتە ماڵ بەسەر حکومەتی هەرێمەوە و پابەند دەکرێت بەدانەوەی پاشەکەوت".

سەبارەت بەهەوڵی فراکسیۆنی پارتی بۆ لابردنی بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، د. بڕیار رەشید وتی، "ئێمە ئومێد دەکەین پارتی کارێکی لەو جۆرە نەکات، و شانبەشان لەگەڵ ئێمە و فراکسیۆنەکانی دیکە بتوانین ئەم بڕگەیە جێگیربکەین و بتوانین حکومەت پابەند بکەین بەدانەوەی موچە پاشەکەوتکراوە".

مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەی بڵاویکردەوە، "ئەم پەیامە بە فەرمانبەرانی هەرێم بگەیەنن، یەکێتی بە پاڵپشتی ئێمە مادەیەکی زیاد کرد کە تێیدا 10%ی موچەی فەرمانبەران لە قەرزەکانیان (پاشەکەوتی ناچاری) وەربگیرێتەوە، بەڵام دوێنێ پارتی داوای لابردنی ئەو بڕگەیەی کرد".

نیشانەکردن

عێراق