خەندان-
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لەئەنجامی خولی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، جارێکی دیکە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بوەوە بەسەرۆکی تورکیا و توانی بەسەر کەمال کلیچدار ئۆغڵوی رکابەریدا سەربکەوێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە 26ی (شوبات/2)ی 1954 لە خێزانێکی بە نەژاد جۆرجی لە گەڕەکی قاسم پاشای ئیستانبوڵ لەدایکبوە، سەردەمی منداڵی لە ناوچەی ڕیزە لەسەر دەریای ڕەش بەسەر بردوە، پاشان لە تەمەنی 13 ساڵیدا بۆ ئیستانبوڵ گەڕاوەتەوە، لە خێزانێکی هەژاردا پەروەردە بوە، لە خوێندنگە ئاینیەکان خوێندویەتی و پلەی ئیمام و وتاربێژی بەدەستهێناوە، پاشان کۆلێژی ئابوری و کاری لە زانکۆی مەڕمەڕە خوێندوە.
لە ساڵی 1983 جارێکی دیکە ژیانی پارتەکان گەڕایەوە تورکیا و چالاکییەکانی ئەردۆگان گەڕایەوە لە ڕێگەی پارتی ڕەفا
لە کۆتایی حەفتاکاندا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان چوە ناو پارتی ڕزگاری نیشتمانییەوە بە سەرکردایەتی نەجمەدین ئەڕبەکان، بەڵام لەگەڵ ئەو کودەتا سەربازییەی لە ساڵی 1980 ڕویدا، ھەمو پارتەکان ھەڵوەشانەوە، لە ساڵی 1983 جارێکی دیکە ژیانی پارتەکان گەڕایەوە تورکیا و چالاکییەکانی ئەردۆگان گەڕایەوە لە ڕێگەی پارتی ڕەفا، بە تایبەت لە شاری ئیستانبوڵ و لە ساڵی 1994 پارتی ڕەفا ئەردۆگانی کاندید کرد بۆ پارێزگای ئیستانبوڵ، توانی ئەو ھەڵبژارنە بباتەوە.
ئەردۆگان تۆمەتبار کرا بەوەی کە هانی ڕکەبەرایەتی ئاینی ئەدات و ئەمەش بوە ھۆی بەندکردنی و قەدەغەی کارکردنی لە کاروباری حوکمەتدا
لە ساڵی 1988 ئەردۆگان تۆمەتبار کرا بەوەی کە هانی ڕکەبەرایەتی ئاینی ئەدات و ئەمەش بوە ھۆی بەندکردنی و قەدەغەی کارکردنی لە کاروباری حوکمەتدا لەوانەش ڕێگرتن لێی بۆ خۆکاندیدکردن بۆ ھەڵبژاردنی داھاتو، ئەمەش بە ھۆی بەکارھێنانی پارچە شیعرێکی تورکی ئاینی لە یەکێک لە وتارەکانیدا لە بەردەم جەماوەردا، بەڵام ئەم بابەتە نەبو بە ڕێگر لەبەردەم بەردەوامبونی ئەردۆگان بەڵکو ئەو کێشەیە ئاگاداریکردەوە کە بەردەوام بون لەسەر ئەمە کە لەوەدەچێت بێ بەشی بکات لەکاری سیاسی، لەبەرئەوە فرسەتی ڕاگرتنی حزبی فەزیڵەی قۆستەوە تا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامەکانی ئەو پارتە لەوانە عەبدوڵا گویل جیاببنەوە و پارتی داد و گەشەپێدانیان دامەزراند لە ساڵی 2001، لە سەرەتاوە ئەردۆگان ئەیەوێت ئەو لێکچونە لە خۆیان دوربخاتەوە کە پەیوەندیان بەردەوام بێت لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ئەربەکان و ڕێڕەوە ئیسلامییەکەی هەیە کە بو بوە ھۆی توڕەکردنی دامودەزگا عیلمانییەکان.
ئەردۆگان نەیتوانی سەۆرکایەتی حوکمەتەکەی بکات بەھۆی بەدواداچونی ئەوکاتەی کە سزادرابو
پارتی داد وگەشە پێدانی لە ھەڵبژارنەکانی ساڵی 2002 زۆرینەی دەنگەکانی بە دەستھێنا و بەمەش 363 نوێنەری پەرلەمانی ھەبو، ئەردۆگان نەیتوانی سەۆرکایەتی حوکمەتەکەی بکات بەھۆی بەدواداچونی ئەوکاتەی کە سزادرابو، بەوهۆیەوە عەبدوڵا گویل سەرۆکایەتییەکەی گرت دەست، لە ئازاری 2003 ئەردۆگان سەرۆکایەتییەکەی گرتە دەست دوای کۆتاییهاتنی ئەو حوکمەی کە لەسەری بو.
لەگەڵ ئەرمەندا ڕێکەوت دوای ئەو دوژمنایەتییە مێژویەی لە نێوانیاندا ھەبو
دوای ئەوەی سەرۆکایەتی حکومەتی وڵاتەکەی گرتەدەست، لەڕوی ئاسایش و جێگیربونی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە تورکیا کارەکانی دەستپێکرد، هەندێکداریش ناوچە کوردییەکانی بەسەردەکردەوە و بەفەرمی رێگەی بەگوندەکاندا کە بەزمانی کوردی وتاری هەینی پێشکەش بکرێت، هەروەها لەگەڵ ئەرمەندا ڕێکەوت دوای ئەو دوژمنایەتییە مێژویەی لە نێوانیاندا ھەبو، بە ھەمان شێوە لەگەڵ یۆنان، پردی کردەوە لەنێوان تورکیا و ئازەربایجان و وڵاتەکانی تری یەکێتی سۆڤێتی پێشو، و ھاریکاری دەستپێکرد لەگەڵ عێراق و سوریا و سنوری کردەوە لەگەڵ کۆمەڵێک لە وڵاتە عەرەبییەکان و فیزەی ھەڵگرت لە نێوانیان.
ئەردۆگان کۆنگرەی داڤۆسی بە جێھێشت لەسەر ئەوەی کاتی تەواوی نەدرایە بۆئەوەی وەڵامی شەیمۆن پێرێزی سەرۆکی ئەوکاتی ئیسرائیل بداتەوە
لە رۆژی 29ی (کانونی دوەم/1)ی 2009 ئەردۆگان کۆنگرەی داڤۆسی بە جێھێشت لەسەر ئەوەی کاتی تەواوی نەدرایە بۆئەوەی وەڵامی شەیمۆن پێرێزی سەرۆکی ئەوکاتی ئیسرائیل بداتەوە لەسەر شەڕی غەززە، هەزاران کەس لەو شەوەدا وەستان بۆ پێشوازیکردنی ئەردۆگان چەند سەعاتێک دوای ئەوەی کۆنگرەی داڤۆسی بەجێھێشت و ئاڵای تورکیا و فەڵەستینیان ھەڵگرتبو، ئەم دروشمانەیان بەرز کردبۆوە، (سڵاو بۆ گەڕانەوەی سەرکەوتوەکەی داڤۆس) و (بەخێربێیتەوە سەرکردەی جیھان)، بزوتنەوەی حەماس لەسەر ئەو ھەڵوێستە وتیان؛ (پێویستە لەسەر بەرپرسە عەرەبەکان چاوی لێبکەن).
ئەردۆگان داوای لێبوردنێکی مێژویی بەناوی دەوڵەتی تورکیاوە کرد لەسەر ئە کارەساتە دڵتەزێنانەی لە نێوان ساڵانی (1936-193) لە ناوچەی دەرسیم ڕویاندا
لە 23ی (تەمموز/7)ی 2011دا، ئەردۆگان لە میانەی کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەنقەرە، داوای لێبوردنێکی مێژویی بەناوی دەوڵەتی تورکیاوە کرد لەسەر ئە کارەساتە دڵتەزێنانەی لە نێوان ساڵانی (1936-193) لە ناوچەی دەرسیم ڕویاندا، کە حکومەتی تورکی لەو سەردەمەدا ئەنجامیداوە بە سەرکردایەتی پارتی گەلی کۆماری تورکی بەرامبەر بە کوردە عەلەوییەکانی ئەو ناوچەیە لە سەدەی ڕابردودا، ئەم لێبوردنە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا لەلایەن سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستانەوە و ھەروەھا ئەوە ھەڵوێستە ھەنگاوێکی گرنگ بو لە بەرەو پێشبردنی ئەو کرانەوە دیموکراسییەی کە حکومەتی ئەردۆگان دەستی پێکردوە.
باوکی ئەردۆگان دو ژنی هەبوە، ژنی دوەمیان ناوی تەنزیلەیەو رەجەب سێیەمین منداڵێتی
باوکی ئەردۆگان دو ژنی هەبوە، ژنی دوەمیان ناوی تەنزیلەیەو رەجەب سێیەمین منداڵێتی، بەگوێرەی سەرچاوەکان بەهۆی ئەوەی لەمانگی رەجەبدا لەدایکبوە، ناویان ناوە رەجەب، باوکی بەڕەئیس کاپتان ناوبانگی دەرکردوە، لەبەرئەوەی لەرێگاکانی نێو دەریای مەڕمەڕەدا دەستی بەکاری کاپتانی گەمی کردوەو ماوەی نیو سەدە لەو کارەی بەردەوام بوە، ئەردۆگان لەبەرئەوەی خێزانەکەی زۆر هەژار بون، نیوەی رۆژ کاری کردوە و شیرینی فرۆشتوە، نیوەکەی دیکەشی چوەتە قوتابخانە و لە خوێندنی ئاینی خوێندویەتی.
ئەردۆگان دەچێتە ئامادەیی "ئیمام خەتیب"، لەم قۆناغەدا خوێندن و لەبەرکردنی قورئانی زۆرباش بو
بۆ قۆناغی ئامادەیی، ئەردۆگان دەچێتە ئامادەیی "ئیمام خەتیب"، لەم قۆناغەدا خوێندن و لەبەرکردنی قورئانی زۆرباش بو، لەهەر شوێنێک مەلایەک نەبوایە ئەو پێشنوێژی دەکرد، سەرەڕای خوێندنەکەی، بەفرۆشتنی ئاوی ساردو نانی شیرینی خەرجی قوتابخانە پەیدا دەکرد، هەر بەو پارەیەش یەکەم کتێبی کڕیوە و زۆر حەزی لە ئەدەبیات و شیعر بوە سەرەڕای کارە ئاینیەکانی.
ئەردۆگان لەمنداڵیەوە حەزی لەتۆپی پێ کردوە و یاریزانێکی باشیش بوە
بەگوێرەی گێڕانەوەی سەرچاوەکان، ئەردۆگان لەمنداڵیەوە حەزی لەتۆپی پێ کردوە و یاریزانێکی باشیش بوە، لەبەر جوڵەو چالاکبونی خۆی سەرنجی هەندێک کەسی راکێشابو، ئەمەش بو بەهۆی ئەوەی هەندێک کەس بەناوی یاریزانی ئەڵمانی "پیکین پاوەر" بانگی بکەن، لەتەمەنی 15 ساڵیدا لەیانەی جامیی ئاڵتی وەرگیراو لەساڵی 1969دا بڕی هەزار لیرەی وەرگرت، بۆ ماوەی چوار ساڵ لەم یانەیە مایەوەو پاشان بو بەئەندامی هەڵبژاردەی تێکەڵاوی لاوانی ئیستانبوڵ، هەوڵیدا بەشداری لەهەڵبژاردنی دیاریکردنی هەڵبژاردەی تێکەڵاوی تورکیادا بکات، بەڵام بەهۆی نەبونی رەزامەندی دایک و باوکی نەیتوانی.