خەندان-
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و ئێران رایگەیاند، شاندێکی پارتی سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانیان لە هەولێر کردوە و بەفەرمی داوای لێبوردنیان لێکردوە بەهۆی بانگهێشتکردنی سەرکردەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی یادگەی بارزانی.
عەبدوڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران، بە خەندان-ی راگەیاند، لەبەرئەوەی سەرکونسوڵی ئێران لە هەولێر لەمەراسیمی کردنەوەی یادگەی بارزانی کەمێک ناڕەحەت بو، بەشداری لەمەراسیمەکە نەکرد و گەڕایەوە، شاندێکی پارتی ئیحترامەن سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانیان لە هەولێر کرد.
ئیحترامەن بۆ ئێران پێمانوتن، ئەو میوانانەی کە بانگهێشتکرابون بۆ مەراسیمەکە و ناڕەزایەتی سەرکونسوڵی لێکەوتەوە، بە ئەنقەست نەبو
وتیشی، "ئێمە ئیحترامەن بۆ ئێران پێمانوتن، ئەو میوانانەی کە بانگهێشتکرابون بۆ مەراسیمەکە و ناڕەزایەتی سەرکونسوڵی لێکەوتەوە، بە ئەنقەست نەبو، ئەندامانی لیژنەی بانگهێشتنامەیان ئاڕاستەی ئەو کەسانە کردوە، بابەتەکە بەقەنقەست و بۆ ناڕەحەتکردنی ئێران نەبوە".
ئێمە زۆر ناڕەحەت بوین کە جەنابت ناڕەحەتبویت و بەشداریت لەگەڵ ئێمەدا نەکرد
ئاماژەی بەوەشکرد، خۆم لەدانیشتنەکە دانیشتبوم و بەسەرکونسوڵمان وت، "ئێمە زۆر ناڕەحەت بوین کە جەنابت ناڕەحەتبویت و بەشداریت لەگەڵ ئێمەدا نەکرد، لەبابەتی ئەو بابەتە داوای لێبوردن دەکەین و پێتان دەڵێین ئەم بابەتە بەئەنقەست نەبوە بەڵکو ئەندامانی لیژنەکە هەندێک کەسیان بانگهێشتکردوە، ئێمە داوای لێبوردنتان لێدەکەین".
رۆژی 21ی ئەم مانگە، لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی مەلا مستەفا بارزانی لە دهۆک ژمارەیەک سەکردە و ئەندامانی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە دانیشتوی هەرێمن بانگهێشتکرابون، ئەمەش بوە هۆی ناڕەزایەتی دەربرینی ئێران و بەجێهێشتنی ڕێورەسمەکە لەلایەن نوێنەرانی کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەند رۆژ دوای ئەوە باڵوێزی عێراق لە تارانی بانگهێشتکرد و ناڕەزایەتی خۆی لەم کارە دەربڕی.
شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی بە نوێنەرایەتی لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانی کرد
بەگوێرەی رۆژنامەی شەفەقی ئێرانی، پاش ئەم ناڕەزایەتییە، شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی بە نوێنەرایەتی لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبو لە فازڵ میرانی هۆشیار زێباری، سیداد بارزانی و زاگرۆس فەتاح ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، سەردانی کۆنسوڵخانەی ئێرانیان لە هەولێر کرد و داوای لێبوردنیان لە تاران کرد.
داوای لێبوردنمان دەگەیەنینە تاران و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران
هەر بەگوێرەی رۆژنامەکە، فازل میرانی باسی لەوەکردوە کە بانگهێشتکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بەئەنقەست نەبوە و بەڵکو هەڵەیەکی تەکنیکی بوە کە لەنێوان لیژنەی ئامادەکردنی ئاهەنگ و بانگهێشتکراواندا رویداوە و راشیگەیاندوە، "داوای لێبوردنمان دەگەیەنینە تاران و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران".
لای خۆشیەوە سیداد بارزانی لای خۆیەوە رایگەیاندوە، ڕێوڕەسمەکە سیاسیی نەبوە، بەڵکو بۆنەیەکی رۆشنبیریی بوە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا هاتوین بەدەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕابگەیەنین کە بونی بەرپرسانی پارتە کوردییەکانی ئێران لەم بۆنەیەدا بەئەنقەست نەبوە.