خەندان-
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە ڕەخنەگرتن لە ئێران دەیەوێت لە ململانێکان لەگەڵ روسیا هەوڵی وەرگرتنی یارمەتی و چەکی زیاتر لە رۆژئاوا بدات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانێکی ڤیدیۆیی دایەوە کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە و تیایدا سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە "گەلانی ئێران" کرد کە فشار بخەنە سەر حکومەتەکەیان بۆ دورکەوتنەوە لە "تیرۆریزمی ڕوسیا" و واز لە دابینکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی مۆسکۆ بهێنن کە بەکاری دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان لە ئۆکرانیا.
دوبارەبونەوەی تۆمەتە ناڕاستەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا ئامانجی ئەوەیە زۆرترین چەک و یارمەتی دارایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەربگرێت
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
رایگەیاند، "دوبارەبونەوەی تۆمەتە ناڕاستەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا دژی ئێران ئامانجی ئەوەیە زۆرترین چەک و یارمەتی دارایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەربگرێت".
، نزیکەی 60 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شەهید" خراونەتە خوارەوە
دوای زنجیرەیەک بۆردومانی شەوانە، ئۆکرانیا رایگەیاند، نزیکەی 60 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شەهید" لە شەوانی پێنجشەممە و هەینیدا خراونەتە خوارەوە.
فڕۆکە شەهیدەکانی ئێوە کە هەمو شەوێک گەلی ئۆکرانیا تیرۆر دەکەن
زلێنسکی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لە سۆشیال میدیا لە ئێران بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "فڕۆکە شەهیدەکانی ئێوە کە هەمو شەوێک گەلی ئۆکرانیا تیرۆر دەکەن، بەو مانایەیە کە گەلی ئێران زیاتر و زیاتر پاڵدەنرێتە دیوی تاریکی مێژو".
ئێران لە سەرەتادا رەتیکردەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید بۆ ڕوسیا دابین بکات
ئێران لە سەرەتادا رەتیکردەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید بۆ ڕوسیا دابین بکات، بەڵام دواتر رایگەیاند، بەر لە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا ژمارەیەکی سنورداریان بۆ دابین کردوە.
ئۆکرانیا دەڵێت، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر شارەکان و ژێرخانەکان.
ڕوسیا لەوکاتەوەی لە مانگی شوباتی 2022 دەستی بە لەشکرکێشی هەمەلایەنەی بۆ سەر ئۆکرانیا کردوە، هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بەهێزتر کردوە.