پێکدادانی سەربازی لەنێوان ئێران و ئەفغانستان رویدا.. کوژراو و بریندار هەیە

05:48 - 27/05/2023

2865جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاسەوانانی سنوری ئێران لە سنوری پارێزگای سیستان و بەلوچستان ئەمڕۆ شەممە رایانگەیاند، شەڕ و پێکدادانی هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی تاڵیبان ڕویدا و لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەکداری ئەفغانستان کوژران لەکاتێکدا هەوڵیانداوە هێرشبکەنە سەر خاکی ئێران.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری پاسەوانانی سنوری ئێرانەوە بڵاویکردەوە، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی تاڵیبان و پاسەوانی سنوری ئێران لە سنورەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران و پارێزگای نەمرۆزی ئەفغانستان ڕویداوە.

شەڕەکە بەهۆی هەوڵی چەکدارانی نەناسراو بۆ چونە ناو خاکی ئێران ڕویداوە

پاسەوانانی سنوری ئێران ڕایانگەیاندوە، شەڕەکە بەهۆی هەوڵی چەکدارانی نەناسراو بۆ چونە ناو خاکی ئێران ڕویداوە و بەوهۆیەوە لەڕێگەی چەکەوە روبەڕوی یەکتر بونەتەوە و هەردولا تەقەیان کردوە، بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکان کە لە ئەفغانستانەوە هاتبون کوژراون. 

پێکدادانەکان کۆتاییان هاتوە

پاسەوانانی سنور ئاماژەیان بەوە کردوە، دوای پەیوەندی باڵیۆزخانەی ئێران لە کابول لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار بە تاڵیبان، پێکدادانەکان کۆتاییان هاتوە.

20ی ئەم مانگە حەسەن کازمی قومی، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئێران لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان ڕایگەیاندبو، ئەگەر سەلمێندرا کە ئاو لە بەنداوی کچکی لە ئەفغانستان بەردەستە و بزوتنەوەی تاڵیبان ڕێگری لە بەردانەوەی بکات، ئەوا دەبێت بزوتنەوەکە بەرپرسیارێتی هەر روداوێک لەئەستۆ بگرێت.

نیشانەکردن

ئێران