خەندان-
عەبدوڵا مەلا نوری، ئەندامی خولی پێشوتری پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم، کە دەڵێت، "گۆڕانکاری لە رەشنوسی بودجە قبوڵ ناکەین"، رایگەیاند، لەمکاتەدا هەڕەشەکەی حکومەتی هەرێم "پوچ و بەتاڵە و ئەم دەسەڵاتە هیچ کارتێکی بەهێزی بەدەستەوە نەماوە".
عەبدوڵا مەلا نوری لە نوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "حکومەتی هەرێم (پارتی) هەڕەشەی ئەوە دەکەن، کە پابەندی هیچ بڕیارێک نابن، کە پێچەوانەی دەستور و رێکەوتنامەی پێکهێنانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی بێت، راستیەکەی لەمکاتەدا ئەم هەڕەشەیە پوچ و بەتاڵە و ئەم دەسەڵاتە هیچ کارتێکی بەهێزی بەدەستەوە نەماوە".
تورکیا ئامادە نییە بە بێ ڕەزامەندی عێراق نەوتی هەرێم بفرۆشێت
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە لایەک تورکیا ئامادە نییە بە بێ ڕەزامەندی عێراق نەوتی هەرێم بفرۆشێت و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمیش "شەرعیەتی نەماوەو بون و نەبونیان هیچ لە دۆخی خەڵک ناگۆڕن".
یەکێتی بە جۆرێک لە جۆرەکان گڵۆپی سەوزی بۆ پلان و بڕیارەکانی بەغدا هەڵکردوە
عەبدوڵا مەلا نوری دەڵێت، "یەکێتی بە جۆرێک لە جۆرەکان گڵۆپی سەوزی بۆ پلان و بڕیارەکانی بەغدا هەڵکردوە، نەک لە بەر خەڵک بەڵکو لە داخی پارتی، لایەنە موعارەزەکانی هەرێم بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لە خۆیان نەڕەنجێنن ئامادە نین دژی پلان و بڕیارەکانی بەغدابن".
زۆربەی هاوڵاتیانی هەرێم وەک دوژمن و داگیرکەر لەم دەسەڵاتە دەڕوانن
هەروەها دەڵێت، "لە بەرئەوەی ساڵانێکە پارتی و یەکێتی خەریکی فەسادو خیانەت و ستەمکارین، ئەمە وایکردوە زۆربەی هاوڵاتیانی هەرێم وەک دوژمن و داگیرکەر لەم دەسەڵاتە دەڕوانن، بۆیە پەیڕەویی مەبدەئی، دوژمنی دوژمنم دۆستەمە دەکەن، پێیان خۆشە حکومەتی عێراق کەوڵی پارتی و یەکێتی بکات".
عەبدوڵا مەلا نوری باسی لەوەشکردوە، "لایەنە عێراقیەکان زۆر باش دەزانن هاوڵاتیانی هەرێم، ئامادە نین بە هیچ جۆرێک بکەونەوە ژێر کاریگەری گوتارە باوەکەی رابردوی دەسەڵاتدارانی هەرێم، مەگەر شتێکی نوێ روبدات و هاوکێشەی هێز لە عێراقدا بگۆڕێ، ئەگەر نا تازە لایەنە عێراقیەکان بە هەرێم فێربونە، ئەوەی ئەمڕۆ پێیان ناکرێ لە داهاتودا وردە وردە هەر دەیکەن، رێک وەکو پارتی و یەکێتی کە بەخشکەیی کامێراو پێوەری زیرەکیان لە سەر هەمو شتێک داناو هەرچی شتە گرانیان کرد".
هەردو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە شەوی رابردو لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکران، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەکە کشانەوە، هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێش دەنگیانپێدا.
ئەو گۆڕانکاریانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدران، نادەستوریین
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی گۆڕانکاریەکەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاند و دەڵێت، "ئەو گۆڕانکاریانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە 25ی 5ی 2023 دژی هەرێمی کوردستان، لە سەر پڕۆژە یاسای بودجە ئەنجامدران، نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە".
بە هیچ شێوەیەک ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین
ئاماژەی بەوەشکردوە، بە هیچ شێوەیەک "ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو ڕێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سودانی کراوە".