لە وڵاتێکی ئەوروپا هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی عێراق

05:48 - 26/05/2023

10239جار خوێندراوەتەوە

باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر بینای باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری بێرن-ی سویسرا دەکات کە بوەتەهۆی دروستکردنی ترس و تیرۆر لای کارمەندانی باڵیۆزخانەکە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر بینای باڵیۆزخانەی عێراق دەکەین لە شاری بێرن لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە، کە بەشێوەیەکی دوژمنکارانه هێرشەکەیان ئەنجامداوە، کە بوەتە هۆی دروستبونی ترس لای لەنێو کارمەندانی باڵیۆزخانه و هاوڵاتیان کە لەناو بیناکەدا بون بە مەبەستی بەدواداچون بۆ کاروباری کونسوڵگەری خۆیان".

داوا لە حکومەتی سویسرای دۆست دەکەین کە ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوەی پێویست بگرێتەبەر
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کردەوەیە و هەمو جۆرەکانی توندوتیژی کاریگەری لەسەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان هەیە، "داوا لە حکومەتی سویسرای دۆست دەکەین کە ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوەی پێویست بگرێتەبەر بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تاوانباران و ڕونکردنەوە لەبارەی روداوەکە".
جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پابەندبون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە دەکاتەوە
وەزارەتەکە جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پابەندبون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و بەتایبەت ڕێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رونیکردوەتەوە، "سوپاسی دەسەڵاتدارانی سویسرا دەکەین بۆ دەستێوەردانی خێرا و پەلەکردنیان لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە نێو بینای نوێنەرایەتی عێراق و دەوروبەریدا".

نیشانەکردن

عێراق