مێدڤێدیڤ: مامەڵەكردنی روسیا لەگەڵ كۆماریەكان ئاسانترە

10:00 - 26/05/2023

1863جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دیمیتری مێدڤێدیڤ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا ڕایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2024ی ئەمریكا بۆ ڕوسیا قبوڵكراو دەبێت ئەگەر كەسێكی توشبو بە نەخۆشی بیرچونەوە (زەهایمەر) نەكاتە سەرۆكی ئەو وڵاتە، لەرابردوشدا مامەڵەی مۆسكۆ لەگەڵ كۆماریەكان باشتربوە.
 
دیمیتری مێدڤێدیڤ لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا لە میانی سەردانەكەیدا بۆ ڤێتنام، كاتێك پرسیاری لێكرا دەربارەی قبوڵكراوترین كاندیدی مۆسكۆ لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكادا وتی، "كاری سەرەكی هەڵبژاردن پیاوێكی توشبو بە نەخۆشی بیرچونەوە نییە، بۆیە ئەگەر كەسێك هەڵبژێردرا و نەخۆشی لەبیرچونەوەی نەبو، دەتوانن هەڵیبژێرن و قبوڵكراوە".

ترەمپ پیاوێكی باشە بەڵام لە هەمان كاتدا ترسنۆكە

دیمیتری مێدڤێدیڤ سەبارەت بە ئاسۆی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی ئەمریكا، ئاماژەی بەوەدا، "ترەمپ پیاوێكی باشە بەڵام لە هەمان كاتدا ترسنۆكە، لە ڕوی مێژوییەوە هەمیشە ئاسانتر بوە بۆ كرێملین كە لەگەڵ كۆمارییەكان كاربكات ".

جۆو بایدن سەرۆكی ئێستای ئەمریكا دوبارە خۆی كاندیدكردۆتەوە

دۆناڵد ترەمپ لە مانگی (تشرینی دوەم/11)ی ساڵی ڕابردودا ڕایگەیاند، بەشداری لە كێبڕكێی سەرۆكایەتیدا كۆماری ئەمریكا دەكات، هەروەها ڕۆن دیسانتیس پارێزگاری فلۆریدا لە 24ی ئایاردا نیازی خۆی بۆ كاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ڕاگەیاند، هەروەها جۆو بایدن سەرۆكی ئێستای ئەمریكا لە 25ی نیساندا ڕایگەیاند كە هەوڵی دوبارە خۆكاندیدكردنەوە دەدات.

لەلایەكی دیكەشەوە، دوشەممەی رابردو، تیم سكۆت سیناتۆری ئەمریكا لە كارۆلینای باشور، هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی خۆی دەستپێكرد و بەرنامەی هەڵبژاردنەكەی ڕاگەیاند كە تێیدا "هیوادارە جیاواز بێت لە بەرنامەكانی پێشوی كۆمارییەكان".

نیشانەکردن

ئه‌مریكا