خەندان-
یوسف محەمەد سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێـت، " ئەگەر دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیار بدات بە نادەستوریبونی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی هەرێم ئەوا واتای هەرچی ئەو بڕیارانەی پەرلەمان داویەتی بە بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنیشەوە نایاسایین، ئەوکات ئەو هەڵبژاردنە شەرعیەتی نابێت کە ئەو کۆمیسیۆنەی هەرێم دەیکات و دەشڵێت، "لە ڕوی یاساییەوە کە سەرۆکی پەرلەمان هەبو ئیتر جێگری سەرۆکی پەرلەمان چ مافێکی ئەوەی هەیە دانیشتن بکات؟".
یوسف محەمەد لەدیدارێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا رایگەیاندوە، "شاراوە نییە کە کۆی دامەزراوەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان لە ژێر پرسیاری جدیدان، واتە هەتا دێت دامەزراوەکانمان لاواز دەبن جگە لەوەی شەرعیەتیان نامێنێت لە هەمان کاتیشدا لاواز دەبن."
حزب و کەس و خێزان دەسەڵاتیان زیاترە لە کۆی دامەزراوەکان
وتیشی" لەبری دەسەڵاتە شەرعییەکان و شەرعیەت وەرگرتنی دەسەڵاتەکان لەلایەن خەڵکەوە، حزب و کەس و خێزان دەسەڵاتیان زیاترە لە کۆی دامەزراوەکان."
پەرلەمانی هەرێم ڕۆژی دوشەممە 22ی ئەم مانگە کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا تا دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری و خوێندنەوە بۆ دو پرۆژە یاسا بخاتە دەنگدانەوە. بەڵام هەر زو بەهۆی سوربونی فراکسیۆنی پارتی لەسەر زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی دانیشتنەکە، گرژی لە نێوان پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی دروستبو.
ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوی پەرلەمان دەرهاویشتەی کۆی ئەو بارودۆخەیە
بە بڕوای یوسف محەمەد ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوی پەرلەمان دەرهاویشتەی کۆی ئەو بارودۆخەیە، دەرهاویشتەی ئەو دو زۆنیەیە کە لە هەرێمی کوردستان بونی هەیە و دەشڵێت، "هەرچەندە کاکە حەمەش وردە وردە دەیەوێت زۆنێک بۆخۆی دروست بکات ئیتر ئاوایە وڵاتەکەی ئێمە وای لێبەسەر هاتوە بە تایبەتی لە دوای شەڕی ناوخۆ هەر هێزێک لە هەر شوێنێک باڵادەستە هەوڵی ئەوە دەدات کە کۆی دامەزراوە حکومڕانییەکانی ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکات بە تایبەتی هەولێر لەلایەن پارتیەوە کۆنتڕۆڵ کراوە."
ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی یەکێتییە، لە دەستپێکی کۆبونەوەکە ڕایگەیاند دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی پارتییە لەگەڵ مونا قهوچی، سکرتێری پەرلەمان کە لە پارتی چاکسازی تورکمانە ڕایانگەیاند ئەوان درێژە بە کۆبونەوەکە دەدەن.
لە بنەڕەتدا کۆی ئەو پەرلەمانەی کە ئێستا هەیە شەرعیەتی لە ژێر پرسیاردایە
لەوانەیە 30 ی مانگی پێنج چارەنوسی پەرلەمان لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیەوە یەکلابکرێتەوە
سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی هەرێم باسی لەوەکردوە، " ئێستا پرسەکە ئەوە نییە ئایا ئەو دانیشتنەی ئەو ڕۆژە یاسایی بو یاخود دەستوری بو، چونکە لە بنەڕەتدا کۆی ئەو پەرلەمانەی کە ئێستا هەیە شەرعیەتی لە ژێر پرسیاردایە، لەوانەشە 30 ی مانگی پێنج چارەنوسی پەرلەمان لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیەوە یەکلابکرێتەوە، چونکە ماوە شەرعی و دەستورییەکەی تەواو بوە لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوەوە، بەڵام بەگشتی لە ڕوی یاساییەوە کە سەرۆکی پەرلەمان هەبو ئیتر جێگری سەرۆکی پەرلەمان چ مافێکی ئەوەی هەیە دانیشتن بکات."
ئێمە ناتوانین تەفسیرێکی یاسایی بۆ پرسێکی سیاسی بکەین
یوسف محەمەد وتیشی، "ئێمە ناتوانین تەفسیرێکی یاسایی بۆ پرسێکی سیاسی بکەین، ئەگەر دامەزراوەمان هەبێت و پەرلەمان پەرلەمان بێت، نەخێر جێگری سەرۆکی پەرلەمان ناتوانێت، بۆ نمونە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش کاتێک کە سەرۆکی پەرلەمان ئامادەیە ئیتر جێگرەکان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە لە مەسەلەی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە، ئەوەش سەبارەت بە هەمو پەرلەمانێکەوە ڕاستە."
ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمان لە دانیشتنەکەی ڕۆژی دوشەممە وتی کۆتایی بە دانیشتنەکە دەهێنێت و کۆبونەوەکە دوادەخات بەپێی دەسەڵاتە یاساییەکانی، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان قسەکانی بە سەرۆکی پەرلەمان بڕی و تی، " ئێمە پێمانوایە ئەمە تەعسوفە و کێ لەگەڵ ئەوەدایە کۆبونەوەکە بەردەوامبێت دەست بەرزبکاتەوە."
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی حزبی باڵادەستە بەسەر دەسەڵاتی دامەزراوەکاندا
سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لەم بارەیەوە وتی، "بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی حزبی باڵادەستە بەسەر دەسەڵاتی دامەزراوەکاندا، ئاخر کە دانیشتن هەڵگیرا چۆن جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت بڕوات دانیشتن دەستپێبکاتەوە؟، ئەگەر ئەوەی ناوی سەرۆکی پەرلەمانە کردویەتی(تەعەسوف)یش بێت، فەرمون بڕۆن لە دادگا سکاڵای لێبکەن و بڵێن (تەعەسوف) دەکات لە دەسەڵاتەکانی خۆی."
بۆ ماوەی دو ساڵ پەرلەمانی هەرێم"داخرا"
مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی ساڵی 2015 لە کاتی گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لە شاری سلێمانیەوە بۆ هەولێر لە خاڵی پشکنینی هەولێر ڕێگە لە سەرۆکی پەرلەمان گیرا بگەڕێتەوە پەرلەمان بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و بەو هۆیەوە بۆ ماوەی دو ساڵ پەرلەمانی هەرێم"داخرا"
ئەوەی ئەو کاتە ڕوی دا بەڕاستی کودەتا بو و قەزیەکە پەیوەندیدار بو بە کۆی هەرێمی کوردستانەوە
لەوبارەیەوە یوسف محەمەد دەڵێت، "ئەوەی ئەو کاتە ڕوی دا بەڕاستی کودەتا بو و قەزیەکە پەیوەندیدار بو بە کۆی هەرێمی کوردستانەوە، لەبەر ئەوەی ئەوانەی کاتێک پەرلەمانیان کاراکردەوە بەبێ هیچ گرەنتیەک بۆ ئەوەی جارێکی تر دانەخرێتەوە، ئێستا ئەوەتا ئەوانە خۆیان توشبون، بۆیە هەمیشە ئەم پەرلەمانەی هەرێم لە ژێر مەترسی داخستندایە."
بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسۆن هەڵدەوەشێتەوە و لەبەر ئەوەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی یەکلاییکەرەوەیە
یوسف محەمەد سەبارەت بەو مشتومڕانەی لەسەر کاراکردنەوە یاخود نەکردنەوەی کۆمسیۆن هاتۆتە ئاراوە دەڵێت، "سەبارەت بە پرسی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەوە تەنها دادگای باڵای فیدراڵیە دەتوانێت ئەم کێشەش یەکلا بکاتەوە بەوەی کە پەرلەمانی کوردستان بە نا شەرعی بزانێت لە دوای کۆتاییهاتنی ماوە شەرعییەکەی خۆی، لەگەڵیدا هەمو ئەو بڕیار و یاساییانەی لەو کاتەدا دەریکردون بە نادەستوری بزانێت لە ئەنجامدا ئاوێک دەکرێت بەم ئاگرەدا و چارەسەری کێشەکان دەکات و بەدڵنیاییەوە بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسۆن هەڵدەوەشێتەوە و لەبەر ئەوەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی یەکلاییکەرەوەیە."
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پابەندکارە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان لە عێراق
هەروەها یوسف محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پابەندکارە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان لە عێراق، ئەو کاتە ئەو هەڵبژاردنە شەرعیەتی نابێت کە ئەو کۆمیسیۆنەی هەرێم دەیکات."
دادگای فیدراڵی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە 24ی مانگی پێنج، بڕیاریدا دانیشتنی دادگایی سەبارەت بە تانەی نا دەستوریبونی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی هەرێمی بۆ 30ی مانگ دواخست.
هەست دەکەین کە توانیومانە قەناعەت بە دادگای باڵای فیدراڵی بکەین بۆ نەزاهەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتو
یوسف محەمەد لەو ڕوەشەوە ئاماژەی بەوەکردوە، "ئەگەر هیچ موفاجەئەیەک نەیەتە کایەوە وەها پێشبینی دەکەم 30 ی مانگی پێنج دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارەکەی خۆی لە بارەی پرسی دەستوریبون یان دەستورینەبونی یاسای درێژکردنەوەی بەردەوامیدان بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕابگەیەنێت، هەست دەکەین کە توانیومانە قەناعەت بە دادگای باڵای فیدراڵی بکەین بۆ نەزاهەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتو بۆئەوەی تانە لە شەرعیەتی هەڵبژادنی داهاتوی هەرێمی کوردستان نەدرێت ئەگەر کۆمیسیۆنی هەرێم ئەنجامی بدات بە تایبەتی لە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی ئەم پەرلەمانە."
لە دوای دەرچونی بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەبەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە، ڕەخنەگرانی ئەو بڕیارە دەیانوت" ئەم پەلە پەلیەی پارتی بۆ ئەوە بوە کە فریای 24 ی مانگ بکەوێت و کۆمیسیۆنی هەرێم خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات. پێتانوایە ئەم جارە وەک دەڵێن"پارتی توانی فریابکەوێت"؟
کێشەکە ئەوەیە هەمیشە ئەو هێزانەی هەرێمی کوردستان بە پێوەرەکانی خۆیان دەیپێون
لە وەڵامدا یوسف محەمەد وتی، " کێشەکە ئەوەیە هەمیشە ئەو هێزانەی هەرێمی کوردستان بە پێوەرەکانی خۆیان دەیپێون و پێیانوایە ئیتر بە شێوەی نایاسایی و نائوسوڵی هەرچیەک هەیە تێیپەڕێنن بۆ ئەوەی فریابکەون، بەڵام ئەو ڕێکارانە بەو شێوەیە فریاکەوتن نییە بەڵکو ئاڵۆز کردنی پرسەکانە."
یوسف محەمەد وتیشی، "ئێمە چاودێریمان کردوە لەگەڵ نزیکبونەوەی هەر دانیشتنێکی دادگای باڵای فیدراڵی ئەوان(پارتی) شتێکیان کرددوە بۆئەوەی بە دادگاکە بڵێن ئەوە ئێمە خەریکین ئەوە دەکەین، واتە ئەم دۆسەیەی ئێمە وروژاندومانە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی فشارێکی گەورەی لەسەر دروستکردون، ئەوەشی بینیمان بەدڵنیاییەوە فشاری ئەم دانیشتنەی دوێنێی دادگای باڵای فیدراڵی بو کە بەو شێوە پەلەپروسکێیە ئەو بڕیارەیان دا کە ئەو بابەتە ئەنجام بدەن."