لیژنەی دارایی دوا كۆبونەوە لەسەر بودجە ئەنجامدەدات

09:33 - 25/05/2023

3374جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمشەو كۆبونەوەیەكی گرنگ و یەكلاكەرەوە تایبەت ئەو بڕگە و ماددانەی لەناو رەشنوسی بودجەی 2023 ماون و پەسەندنەكراون ئەنجامدەدات، وەك ئامادەكاریەك بۆ كۆبونەوەكەی رۆژی شەممەی داهاتو كە بڕیارە لەكۆبونەوەیەكی پەرلەماندا بخرێتە دەنگدانەوە.

بەگوێرەی زانیاریەكانی خەندان، ئەمشەو ئەندامانی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق كۆبونەتەوە، بەئامانجی تاوتوێكردن و پەسەندكردنی ئەو بڕگە و ماددانەی پرۆژەیاسای بودجە كە تا ئێستا ماون و پەسەند نەكراون.

 لیژنەكە لەكۆبونەوەكەی ئەمشەودا كار لەسەر دانانی دوا رەشنوسی بودجە دەكات

هەر بەگوێرەی زانیاریەكان،  لیژنەكە لەكۆبونەوەكەی ئەمشەودا كار لەسەر دانانی دوا رەشنوسی بودجە دەكات، پاشانیش راپۆرتێك لەوبارەیەوە ئامادە دەكرێت، بۆئەوەی لەدانیشتنی فراوانی پەرلەماندا راپۆرتەكە بخرێتەڕو، پاشانیش دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت. 

رۆژی 27ی ئایار دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدرێت

ئەمڕۆ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی 27ی ئایار دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدرێت و لە ئێستادا كارەكانی پڕۆژەكە لە لیژنەی یاسایی تەواو بون.

محەمەد حەلبوسی وتیشی، "یاساكە گرنگە و چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانی تێدایە كە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی خزمەتگوزاری دەبێت، لیژنەی داراییش هەندێك بڕگەی زیادكردوە و هەمواركردوەتەوە".

عێراق لە ئەمساڵدا دەیەوێت پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەكانی 2023، 2024 و 2025 پێكەوە پەسەند بكات، كە قەبارەی پڕۆژە یاساكە تەنها بۆ ئەمساڵ بە 199 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و رێژەی كورتهێنانیش زیاتر لە 60 ترلیۆن دینارە، پشكی هەرێمی كوردستانیش بە 12.67%ـی دیاریكراوە.

نیشانەکردن

عێراق