سەرۆکی چیک، سودانی بانگهێشتی وڵاتەکەی دەکات

05:39 - 25/05/2023

909جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتنامەیەکی لەسەرۆکی چیکەوە بەدەستگەیشت بەمەبەستی سەردانیکردنی ئەو وڵاتە و راشیگەیاند، حکومەت هەوڵدەدات دیدگایەکی نوێ لە نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا دابڕێژێت لەسەر بنەمای پێداویستییە ڕاستەقینەکان. 

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە یان لیپاڤسکی وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک و شاندی یاوەری کرد، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بەرزکردنەوەی هاریکاری دوقۆڵی لە بوارەکانی کشتوکاڵ، وزە، تەندروستی، گواستنەوەی ئاسمانی و خوێندنی باڵا کرا، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی ڕێگاکانی زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و کۆماری چیک کرا.

عێراق ئاستەنگە ئەمنییەکانی تێپەڕاندوە و دەرگاکانی کراوەن بەڕوی هاوبەشی بەرهەمدار لەگەڵ هەمو دۆستان

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، عێراق ئاستەنگە ئەمنییەکانی تێپەڕاندوە و دەرگاکانی کراوەن بەڕوی هاوبەشی بەرهەمدار لەگەڵ هەمو دۆستان، جەختیشیلەوەکردەوە، دەرفەت بۆ کۆمپانیا چیکییەکان لەبەردەستدایە کە بەشداری لە پلانەکانی حکومەتدا بکەن بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری و مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییەکان.

سودانی ئاماژەی بە هەڵوێستە ئەرێنی و پشتیوانەکانی کۆماری چیک کرد بۆ هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق

محەمەد شیاع سودانی ئاماژەی بە هەڵوێستە ئەرێنی و پشتیوانەکانی کۆماری چیک کرد بۆ هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەڕی تیرۆر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و نوێنەرایەتی مەشقی ناتۆ لە عێراق.

حکومەت هەوڵدەدات دیدگایەکی نوێ لە نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا دابڕێژێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشیخستەڕو، "حکومەت هەوڵدەدات دیدگایەکی نوێ لە نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا دابڕێژێت لەسەر بنەمای پێداویستییە ڕاستەقینەکان و دیدگاکانی داهاتو بۆ ئاستەنگەکان".

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی چیک دوپاتیکردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی پێشوازی لە هەنگاوە ئابورییەکانی عێراق دەکات، کە سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام بەرزدەکاتەوە، ستایشی ئەو ئاڕاستە ئەرێنییەی ئایندەی کرد کە حکومەتی عێراق دەیخاتەڕو، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە شاندێکی بازرگان و نوێنەری 20 کۆمپانیای چیک سەردانی عێراق دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەرفەتەکانی هاوکاری ئابوری هاوبەش.

هەر لەو دیدارەدا، وەزیری دەرەوەی چیک بانگهێشتی فەرمی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی پێشکەش بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد بۆ سەردانی کۆماری چیک بە مەبەستی پتەوکردن و پێشخستنی زیاتری پەیوەندییە دو قۆڵییەکان بۆ بەرژەوەندی هەردو وڵاتی دۆست.