روسیا داڕێژەرانی هێرشی کرێملن دەستنیشان دەکات و ئۆکرانیا رەتیدەکاتەوە

02:47 - 25/05/2023

3117جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاند، هەر لە سەرەتاوە زانیویانە کە ئۆکرانیا بەرپرسیارە لە هێرشەکەی سەر کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدرا، بەڵام ئۆکرانیا رەتیدەکاتەوە کە پەیوەندی بە هێرشی "سەیر و بێسود"ی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە هەبوبێت.

ئەو لێدوانە دوای ئەوەهات، کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاشکرایکردوە، کە رەنگە یەکەیەکی تایبەتی سەربازی یان هەواڵگری ئۆکرانیا "ڕێکخەر"ی هێرشەکەی سەر کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا بوبێت.

دوای هێرشەکە راستەوخۆ وتمان کە ڕژێمی کیێڤ بەرپرسیارە لەم کارە
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا ئەمڕۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "دوای هێرشەکە راستەوخۆ وتمان کە ڕژێمی کیێڤ بەرپرسیارە لەم کارە، لە کۆتاییدا جیاوازییەکی ئەوتۆ دروست ناکات کە کام یەکەی ڕژێمی ئۆکرانیا بەرپرسیارە لەو کارە".
 سەرۆکی ئۆکرانیا لەوکاتەدا رەتیکردەوە، وڵاتەکەی بەرپرسیار بێت لەو هێرشە
ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەوکاتەدا رەتیکردەوە، وڵاتەکەی بەرپرسیار بێت لەو هێرشە.

لایخۆیەوە یاریدەدەرێکی باڵای سەرۆکی ئۆکرانیا دوپاتیکردەوە، کە کیێڤ هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشی "سەیر و بێسود"ی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە بۆ سەر کرێملین نییە و ئەوەی لە دو ڕاپۆرتی میدیای ئەمریکادا باسکراوە، "ناڕاستە".