خەندان-
سوپای ئۆکرانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانی بە تەواوی هێرشێکی نوێی "گەورە"یان بەرپەرچداوەتەوە کە لەلایەن مۆسکۆوە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کیێڤ دەستیپێکردبو، دەشڵێت، ئەوە دوانزەهەمین هێرشی لەم جۆرەیە بۆ سەر پایتەخت لەم مانگەدا.
سێرگی پۆپکۆ، سەرۆکی ئیدارەی مەدەنی و سەربازی لە کیێڤ، لە پەیامێکدا لەسەر ئەپڵیکەیشنی "تەلەگرام" نوسیویەتی، ڕوسیا "جارێکی دیکە لە ئاسمانەوە هێرشی کردە سەر کیێڤ"، هۆشداریی ئاسمانی لە شارەکەدا زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاندوە.
ئەو هێرشە "گەورەیە" بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "شەهید" دروستکراوی ئێران ئەنجامدراوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان"، ئەو هێرشە "گەورەیە" بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "شەهید" دروستکراوی ئێران ئەنجامدراوە.
هێزەکانی ئۆکرانیا هیچ دەرفەتێکیان بە دەستدرێژکارەکان نەداوە
ئەو بەرپرسە ئۆکرانییە جەختی لەوەکردەوە، "هێزەکانی ئۆکرانیا هیچ دەرفەتێکیان بە دەستدرێژکارەکان نەداوە، هەمو ئەو ئامانجە ئاسمانیانەی کە بەرەو کیێڤ دەڕۆیشتن، بەهۆی بەرگرییە ئاسمانییەکانمانەوە لەناوچون".
ئەو هێرشە دوانزەهەمین هێرشە لەوجۆرە کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا پایتەختی کردوەتە ئامانج
بە گوتەی سەرۆکی ئیدارەی مەدەنی و سەربازی لە کیێڤ، ئەو هێرشە دوانزەهەمین هێرشە لەوجۆرە کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا پایتەختی کردوەتە ئامانج، هێرشە ئاسمانییەکەی پێشو بۆ سەر کیێڤ چوار ڕۆژ لەمەوبەر ڕویداوە.
شەوی رابردو جارێکی دیکە شارەکانی دیکە ئۆکرانیا کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی ڕوسیا، بەتایبەتی خارکیڤ (ڕۆژهەڵات) و چێرنیڤتسی (ڕۆژئاوا)، بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بەرپەرچی هێرشەکان دراونەتەوە.