خەندان-
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەمڕۆ چوارشەممە دانی بە دابەشبونی هاوپەیمانییەکەدانا سەبارەت بە پرسی ئەندامێتی ئۆکرانیا، کە لە کارنامەی لوتکەی ڤیلنیۆس لە مانگی تەمموزدا دەبێت.
ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، "دیدگای جیاواز لەناو هاوپەیمانیدا هەیە لەسەر بە ئەندامبونی ئۆکرانیا لە ناتۆ هەیە، لەکاتێکدا بڕیاردان لە ناتۆدا بە کۆدەنگییە".
کەس ناتوانێت بە تەواوی بزانێت بڕیاری کۆتایی لە لوتکەی ڤیلنیۆسدا چی دەبێت
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ چەند گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی سەبارەت بە ڕێگای بەردەمیان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خواستەکانی ئۆکرانیا بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا ئەنجامداوە، بەڵام "کەس ناتوانێت بە تەواوی بزانێت بڕیاری کۆتایی لە لوتکەی ڤیلنیۆسدا چی دەبێت لەسەر ئەم بابەتە".
ئەمریکا و چەند هاوپەیمانێکی دیکە ڕەتیدەکەنەوە لە جاڕنامەی بوخارێست لابدەن
بەگوێرەی وتەی چەند دیپلۆماتکارێکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، ئەمریکا و چەند هاوپەیمانێکی دیکە ڕەتیدەکەنەوە لە جاڕنامەی بوخارێست لابدەن.
لوتکەی بوخارێست لە ساڵی 2008 جەتیان کردبوەوە، کە ئۆکرانیا و جۆرجیا "دەبنە ئەندامی ناتۆ"
ئەندامانی هاوپەیمانییەکە لە میانی کۆبونەوەی لوتکەی بوخارێست لە ساڵی 2008 جەتیان کردبوەوە، کە ئۆکرانیا و جۆرجیا "دەبنە ئەندامی ناتۆ"، بەبێ ئەوەی خشتەی کاتی دیاری بکەن.
پەیوەستبونی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ ڕێگەی پێدەدات کە بڕگەی بەرگری بەکۆمەڵ لە میساقی هاوپەیمانییەکەدا بەکاربهێنێت، کە هەمو هاوپەیمانەکان لە ئەگەری هێرشکردندا بەرگری لە ئەندامێکی دیکە بکەن.
گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ بنیاتنانی بناغەکانی یەکلاییکردنەوەی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ
یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان باسی لەوەکردوە، گفتوگۆکان بەردەوامن "بۆ بنیاتنانی بناغەکانی یەکلاییکردنەوەی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ".
لایخۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فرەنسا ڕایگەیاند، پاریس "ئامادەیە بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ئۆکرانیا ڕازی بێت کە ئامانج لێی پێدانی گەرەنتی ئەمنییە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە بەرگریکردن لە خۆی لە درێژخایەندا و ڕێگری لە هەر هێرشێکی ئەگەری لە داهاتودا بکات".