خەندان-
مامەڵەکردن لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی کە بە "رزگارکەری دینار بەرامبەر دۆلار" دادەنرێت سنوردارکراوە و هاوڵاتیان و بازرگانان گرفتیان بۆ دروستبوە و ناتوانن لە وڵاتانی دەرەوە پارەکانیان بە دۆلار رابکێشن، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانیش دەڵێت، راگرتنی ئەو کارتانە وایکردوە بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بەرزببێتەوە، بەڵام "هاوڵاتیان دڵنیابن پارەکانیان نافەوتێک و لەناوخۆی عێراق و هەرێم دەتوانن دینارەکانیان وەربگرنەوە".
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، "هۆکاری ناجێگیری بەهای دۆلار بە دینار پەیوەندی بە سنوردارکردنی بەشێک لەو کارتە ئەلیکترۆنیانەوە بو کە لەماوەی رابردودا مامەڵەکانی سنوردارکرابو، پێشتر دەتتوانی هەندێک خزمەتگوزاری بانکی لەرێگەی ماستەرکارتەوە ئەنجامبدرێت، لە رێگەی ئامێرەکانی ATM لە وڵاتانی دەرەوە دوتوانی زیاتر لە هەزار دۆلار رابکێشیت بەڵام لە چەند رۆژی رابردو زۆر کەمیان کردەوە دواتریش بەتەواوەتی ئەم خزمەتگوزاریەیان وەستان، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری سلبی لەسەر دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بەهای دۆلار هەبو".
بانکی ناوەندی خستنەڕوی دۆلاری بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادکردوە
ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ناوەندی عێراق خستنەڕوی دۆلاری بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادکردوە لە سەرەتای هەفتەی رابردوەوە رۆژانە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار دەخاتەبازاڕەوە، ئەوەش بەربەستێکی دروستکرد و رێگری لە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار کرد.
بەشێک لە کارتەکان کاراکراونەتەوە و ئەوانی دیکەش کارادەکرێنەوە، بەڵام راکێشانی دۆلار لێیانەوە سنوردارکراوە
پەیوەست بە وادەی کاراکردنەوەی کارتی ئەلیکترۆنی، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی وتی، "بەشێکیان کاراکراونەتەوە و ئەوانی دیکەش کارادەکرێنەوە، بەڵام راکێشانی دۆلار لێیانەوە سنوردارکراوە، ئێستا رۆژانە بۆ 300 دۆلار کەمکراوەتەوە و مانگێکدا تاوەکو سێ هەزار دۆلاری لێوە رادەگیرێت".
راگرتنی ئەو کارتە کاریگەری زۆری لەسەر مامەڵەی هاوڵاتیان دەبێت
ئەوەشی خستەڕو، راگرتنی ئەو کارتە کاریگەری زۆری لەسەر مامەڵەی هاوڵاتیان دەبێت بەتایبەتی کە دەیانەوێت لە وڵاتانی دەرەوە بەکاریبهێنن، "چونکە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار ماستەرکارت بو، چونکە بەشێکی زۆر لە بازرگانان نەدەچون لە رێگەی بانکەوە یاخود هەژمار تایبەتەوە دۆلار رەوانەی دەرەوە بکەن، چونکە رێکاری قورسی هەبو، بۆ نمونە بازرگان هەبو سەدان کارتی دەکڕی و لە دەرەوە دۆلار رادەکێشا و کاڵاو کەلوپەلی لێوە دەکڕی، بەڵام کاتێک سنودارکرا کاریگەری راستەوخۆی هەبو لەسەر بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار".
راگرتنی ئەو کارتانە بەمانای فەوتاندنی پارەی هاوڵاتیان نایەت کە لەسەر هەژماری کارتەکانیانە
وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی دەڵێت، "راگرتنی ئەو کارتانە بەمانای فەوتاندنی پارەی هاوڵاتیان نایەت کە لەسەر هەژماری کارتەکانیانە بەڵکو لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانن دینارەکانیان رابکێشن لە هەر بانکێکدا کە دەیەوێت، بەڵام بەربەستێک لەبەردەمیدا دروستکراوە کە لە دەرەوەی وڵات لە ئامێرەکانی ATM دۆلار رابکێشێت".
لەمەودوا نابێت هیچ کارتێکی ئەلیکترۆنی لە 10 ملیۆن دینار زیاتری تێدا بێت
بەگوێرەی نوسراوێک کە واژۆی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوهندی عێراقی لەسەرە، بڕیاردراوە کە لەمەودوا "نابێت هیچ کارتێکی ئەلیکترۆنی لە 10 ملیۆن دینار زیاتری تێدا بێت، هاوکات مانگانە دەتوانرێت تەنها 10 ملیۆن دینار بخرێتە سەر هەژماری کارتێک ئەلیکترۆنی و نابێت لەو بڕگە تێپەڕبکات.
دیارکردنی کرینەکان لە رێگەی خاڵەکانی فرۆشتنەوە رۆژانە 750 دۆلار بێت یان هاوتای بە دراوەکانی تر
لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتوە، "دیارکردنی کرینەکان لە رێگەی خاڵەکانی فرۆشتنەوە رۆژانە 750 دۆلار بێت یان هاوتای بە دراوەکانی تر، بەڵام نابێت لە سنوری مانگانەی کاردەکە لابدات".
راکێشانی پاره له رێگهی کارتی بانکیی له ئامێرهکانی (ATM)ـهوه رۆژانه تهنها 300 دۆلار رێگهی پێدراوه
ئاماژەی بەوەشکردوە، راکێشانی پاره له رێگهی کارتی بانکیی له ئامێرهکانی (ATM)ـهوه رۆژانه تهنها 300 دۆلار رێگهی پێدراوه و مانگانهش نابێ له سێ هەزار دۆلار زیاتر بێت.
پەیوەست بە دەرکردنی کارتی ئەلیکترۆنی، لە رێنماییە نوێکەی بانکی ناوەندیدا هاتوە، لەمەودوا بهبێ ناو و زانیاری کهسیی پێدانی کارتی ئەلیکترۆنی قبوڵکراو نابێت و پاسۆرت یان ناسنامهی باری شارستانی له کهسی ههڵگری کارتهکه لهلایهن بانکهکانهوه وەردەگیرێت.