خەندان-
سەرەڕای خستنەڕوی بڕێكی زۆری دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیەوە، بەڵام دۆلار بەرامبەر بەدینار روی لەبەرزبونەوەی زیاتر كرد، لەئێستاشدا بەهای 100 دۆلار بەرامبەرە بە 146 هەزار و 500 دینار، لەكاتێكدا ئەمڕۆ بانكی ناوەندی زیاتر لە 267 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بە خەندان دراون، لەئێستادا بەهای 100 دۆلار بەرامبەرە بە 156 هەزار و 500 دینار، لەكاتێكدا لەسەرەتای كردنەوەی دەرگای بازاڕەكان، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بو بە 145 هەزار و 900 دینار.
ئەمڕۆ سێشەممە بڕی 267 ملیۆن و 823 هەزار و پێنج دۆلاری خستۆتەڕو
بانكی ناوەندی عێراق بۆ ئەمڕۆ سێشەممە بڕی 267 ملیۆن و 823 هەزار و پێنج دۆلاری خستۆتەڕو كە 52 ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش و 215 ملیۆن و23 هەزار و پێنج دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بوە.
دوێنێ بانكی ناوەندی 267 ملیۆن و 47 هەزار و 986 دۆلاری خستەڕو
دوێنێش بانكی ناوەندی 267 ملیۆن و 47 هەزار و 986 دۆلاری خستەڕو، كە 241 ملیۆن و 947 هەزار و 986 دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و 25 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی كاش بو.
لەئێستادا بەبڕیاری بانكی ناوەندی، بەئامانجی چاكسازی و لێكۆڵینەوە لە ماستەركارت، كاركردنی سەرجەم كارتەكان بەتایبەت ئەوانەی كە ناو و ناسنامەی تەواوەتیان لەسەر نیە راگیراون و هاوڵاتیان ناتوانن لەدەرەوەی وڵات پارەكانیان رابكێشن كە پێشتر ماستەركارتەكان یەكێك بون لەو ڕێگایانەی هاوڵاتیان بازرگانیان پێوەدەكرد و دەچونە دەرەوەی وڵات و بەنرخی فەرمی واتە 100 دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دینار، دۆلاریان وەردەگرت.