خەندان-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەچوارچێوەی سەردانیکردنی بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، شەفافیەت و نەبونی گزی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشێکی گرنگ و بنچینەییە کە پێویستە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵابژاردنەکانی عێراقی کرد و لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆن و بەڕێوەبەرەگشتییەکاندا کۆبوەوە و رایگەیاند، حکومەت هەمو ئاسانکارییەک لەپێناو باشتر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکاندا ئەنجام دەدات و داواکارییەکانی کۆمسیۆن جێبەجێدەکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەشکردەوە، هاوکاری کۆمسیۆنەکە دەکات، چونکە دامەزراوەیەکی دەستوریی گرنگ و بنەڕەتییە لە سیستمی دیموکراسیدا.
شەفافیەت و نەبونی گزی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشێکی گرنگ و بنچینەییە کە پێویستە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت
وتیشی، "شەفافیەت و نەبونی گزی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشێکی گرنگ و بنچینەییە کە پێویستە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت و لەسەر هەمو لایەک وەک حکومەت و کۆمەڵگە و دامەزراوەکانیش پێویستە هاوکاری کۆمسین بکەن بۆئەوەی بەباشی کارەکانی بەڕێوە ببات".
پێویستە کار لەسەر گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە کارەکانی کۆمسیۆن و پرۆسەی هەڵبژاردن بکرێت
باسی لەوەشکرد، "پێویستە کار لەسەر گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە کارەکانی کۆمسیۆن و پرۆسەی هەڵبژاردن بکردێت و حکومەتیش لەمڕوەوە هەوڵی تەواوی خۆی خستوەتەگەڕ و بەهەمو توانای رێگر دەبێت لەهەر شتێک لەدەرەوەی چوارچێوەی یاساییەوەبێت و بیەوێت گۆڕانکاری بە ئەنجامەکانەوە بکات یاخود بەربەست بۆ کارەکانی کۆمسیۆن دروست بکات".
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تەواوی وردەکاری کارەکانی قۆناغی داهاتوی، بۆ محەمەد شیاع سودانی رونکردەوە کە بەگوێرەی خشتە کارەکانیان لەکاتی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردندا بەڕێوەی دەبەن.