د. رێواز فایەق بە بڕیارێک کۆتایی بە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان هێنا

10:43 - 22/05/2023

11003جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوای دروستبونی گرژیی لە ناو هۆڵی پەرلەمان بڕیاریدا کۆبونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی نادیار دوابخات.

دەسەڵاتی رەها و بێقەید و شەرتی خۆم بەکاردەهێنم و کۆبونەوەی ئەمڕۆ دوادەخەم
د. رێواز فایەق لەسەرەتای دەستپێکردنی کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، رایگەیاند، "رەنگە ئەو پرسیارە دروستببێت بۆچی واژۆی لەسەر نوسراوی زیادکردنی بڕگەیەک بۆ کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان نەکردوە؟ باوەڕی خۆم وایە ناپەیڕەوییە، بۆیە لە پێناوی پاراستنی یەکڕیزی نیشتیمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسیەکان بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە تاکانە و رەها و بێقەید و شەرتەی خۆم بەکاربهێنم کە لە بڕگەی سێ ماددەی 18ی هاتوە و دەسەڵات دەداتە سەرۆکی پەرلەمان بۆ سەرۆکایەتیکردن، کۆتاییپێنان، دواخستن و دیاریکردنی رۆژی کۆبونەوە، کۆبونەوەی ئەمڕۆ دوادەخەم بۆ کاتێکی تر".
 هێمن هەورامی وتی،  ئێمە پێمانوایە ئەمە تەعەسوبە
لەدوای ئەو وتەیەی د. رێواز فایەق، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی پارتی وتی،  "ئێمە پێمانوایە ئەمە تعسف" و داوای لە پەرلەمانتاران کرد کێ لەگەڵ ئەوەدایە بەردەوامن دەست بەرزبکاتەوە، بەڵام کۆبونەوەکە کۆتایی پێهێنرا.