خەندان-
بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ئامانجی ئەو ڕێنماییانەی ڕونکردەوە کە سەبارەت بە کارتی ئەلیکرۆنی دەرچون و رایگەیاند، "رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو بانکانە گیراوەتەبەر کە کارتیان لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵ فرۆشتوە و سەرجەمیان سزادەدرێن".
عەمار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، حکومەتی ئێستا گرنگی بە پرسی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەدات، ئامانجیش لە دەرکردنی ڕێنمایی نوێ بۆ کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی ڕێگریکردنە لە خراپ بەکارهێنانی کارتەکان.
لە ڕێنماییەکانی بانکدا زۆرترین سنور بۆ ئەو بڕە پارانە دیاریکراوە کە لە کارتی ئەلیکترۆنیدا هەیە، کە دەکاتە 10 ملیۆن دینار
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕێنماییەکانی بانکدا زۆرترین سنور بۆ ئەو بڕە پارانە دیاریکراوە کە لە کارتی ئەلیکترۆنیدا هەیە، کە دەکاتە 10 ملیۆن دینار و دەتوانرێت یەکجار پارەکە بخرێتەسەر هەژمارێکی کارتی ئەلیکترۆنی، ئەمە جگە لەوەی مەرج بۆ ئەو بانکانە دانراوە کە ئەو کارتانە دەردەکەن، دەبێت ناوی هاوڵاتی لەسەر کارتەکان هەبێت، هاوکات هەمو زانیاریەکان لەڕێگەی بەڵگەنامە فەرمیەکانەوە لەکاتی دەرکردنی کارتدا وەربگیرێن و تۆماربکرێن، هەر کۆمپانیا یان بانکێکیش بەرپرسیار دەبێت لەو زانیاریانەی تۆماری کردون.
هەوڵەکان بۆ بە قاچاخبردنی ژمارەیەک کارتی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن بانک و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنیەوە دەرکراون پوچەڵکراونەتەوە
عەمار حەمەد خەڵەف دەشڵێت، "هەوڵەکان بۆ بە قاچاخبردنی ژمارەیەک کارتی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن بانک و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنیەوە دەرکراون پوچەڵکراونەتەوە، لەکاتێکدا هیچ ناوێک لەسەر کارتەکان نەبو، تۆمەتبارەکان دەیانەویست لە دەرەوەی عێراق ئەو کارتانە بۆ وەرگرتنی دۆلار بەنرخی فەرمی بەکاربهێنن".
ئەوەشیخستەڕو، بانکی ناوەندی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و دەروازە سنورییەکان توانیان دەست بەسەر ئەو کارتانەدا بگرن، ڕێوشوێنی لەگەڵ ئەو بانکانەشدا بگرتەبەر.
پێویستە کارتە ئەلیکترۆنیەکان بەناوی کەسێک یان کۆمپانیایەکی دیاریکراو بن
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختیشی لەوەکردەوە، لە بڕیارەکەی بانکی ناوەندیدا سەبارەت بە کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی سەرنج خراوەتەسەر ئەوەی پێویستە کارتە ئەلیکترۆنیەکان بەناوی کەسێک یان کۆمپانیایەکی دیاریکراو بن و ناسنامەی خاوەن کارتەکان رون بێت.
سەبارەت بەشێوازی بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی، عەمار حەمەد خەڵەف ئاشکرایکردوە، "ئەم کارتانە دەتوانرێت لە دەرەوەی عێراق بەکاربهێنرێن بە دەرهێنانی پارەی نەختینەیی کە یەکسانە بە 300 دۆلار لە ڕۆژێکدا، بە مەرجێک لە ماوەی یەک مانگدا لە سێ هەزار دۆلار زیاتر نەبێت، بەڵام ئەگەر لەناوخۆی عێراق بەکاربهێندرێت دیناری عێراقیان پێدەدرێت و هیچ عمولەیەکیشی نیە.