خەندان-
حەسەن کازمی قومی، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئێران لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان ڕایگەیاند، ئەگەر سەلمێندرا کە ئاو لە بەنداوی کچکی لە ئەفغانستان بەردەستە و بزوتنەوەی تاڵیبان ڕێگری لە بەردانەوەی بکات، ئەوا دەبێت بزوتنەوەکە بەرپرسیارێتی هەر روداوێک لەئەستۆ بگرێت.
حەسەن کازمی قومی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بەنداوی کچکی 700 کیلۆمەتر لە سنوری ئێرانەوە دورە و بەدرێژایی ئەم ڕێگایە سێ دەوڵەت هەیە و لەئێستادا تەنانەت ئەگەر هەمو ئاوی پشت بەنداوی کچکی بەربدرێتەوە ناگاتە ئێران.
ئەگەر سەلمێندرا کە ئاو لە بەنداوەکەدا هەیە و بزوتنەوەی تاڵیبان ڕێگری دەکات لە بەردانەوەی بەرەو ئێران، دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرن
سەبارەت بە دۆسیەی ئاوی ئێران لە ڕوباری هەرمەند و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان حەسەن کازمی قومی وتی، "ئەگەر سەلمێندرا کە ئاو لە بەنداوەکەدا هەیە و بزوتنەوەی تاڵیبان ڕێگری دەکات لە بەردانەوەی بەرەو ئێران لە هەمانکاتدا دان بەو مافەدا دەنێت بەپێی پەیمانی ئاوی نێوان ئەو دو وڵاتە، ئەوا دەبێت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت".
تاڵیبان یەک مانگی ماوە بۆ بەردانەوەی ئاوی ئێران لە ڕوباری هەرمەند
بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئێران لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان باسی لەوەشکردوە، "تاڵیبان یەک مانگی ماوە بۆ بەردانەوەی ئاوی ئێران لە ڕوباری هەرمەند، بەرپرسانی تاڵیبان دەزانن ئەگەر دەیانەوێت حکومەتێکی بەهێز و سەقامگیر لە ئەفغانستان کە هەمو نوێنەرانی گەل لەخۆبگرێت و ئەم وڵاتە بەرەو بنیاتنانی و سەقامگیری و سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی هەنگاو بنێت، دەبێت کارلێکی بنیاتنەریان لەگەڵ دراوسێکانیان هەبێت".
شارەزایانی تاڵیبان بەڵێنیان داوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن و ئەم هەڵەیە دوبارە نەبێتەوە
سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی تاڵیبان، حەسەن کازمی قومی ڕایگەیاند، "ساڵی رابردو بەپێچەوانەی ئەوەی بەرپرسانی تاڵیبان وتویانە، نزیکەی دو ملیار مەتر سێجا ئاو چوەتە ناوچەی گودزرەوە بەهۆی بارودۆخی بەنداوەکە، لەکاتێکدا شارەزایانی تاڵیبان بەڵێنیان داوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن و ئەم هەڵەیە دوبارە نەبێتەوە".
حەسەن کازمی قومی دەشڵێت، "بەرپرسانی تەکنیکی تاڵیبان دەڵێن، بە تێپەڕبونی کات 60%ی ئاوەکە لە بەنداوی کەمال خان ماوەتەوە و ئێمەش وتمان پێویستە شارەزایانمان کاتێک سەردانی بەنداوەکە دەکەن، ڕاستی ئەم بابەتە ببینن".
باسی لەوەشکرد، بەرپرسانی تاڵیبان بەربەستێکی خۆڵیان بە درێژایی 4.5 کیلۆمەتر لە لای ئەو دیوارە دروستکردوە کە بەرەو گودزرە دەڕوات، بۆ ئەوەی ئاوی لافاوەکە نەگۆڕێت.