خەندان-
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق داوا لە سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات، چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بکەن و تا کۆتایی ئەمساڵیش هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت.
ئیلێنا رۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی، "لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم قسەم کرد و ستایشی گفتوگۆی سەرکەوتوانە و پێشکەوتنی نێوانیانم کرد لە چوارچێوەی ئەنجومەنی وەزیراندا".
هانی هەردوکیانم دا هەماهەنگی نێوانیان سەبارەت بە کارە لەپێشینە هاوبەشەکان بەهێزبکەن
دەشڵێت، "هانی هەردوکیانم دا هەماهەنگی نێوانیان سەبارەت بە کارە لەپێشینە هاوبەشەکان بەهێزبکەن بەتایبەت لەڕوی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، خۆتەرخانکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەروەها هەڵبژاردن پێش کۆتایی 2023".
رۆژی 8ی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبونەوە و لەبارەی کێشەکانی نێوانیان گفتوگۆیان کرد، بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، هەردولا کۆکبون لە سەر چارەسەریی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ، پاشانیش تیمی یەکێتی گەڕایەوە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران.
کۆبونەوەکە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە حەوت مانگە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردوە، تائێستاش دیارنیە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی بڕیاریداوە بگەڕێتەوە بۆ کۆبونەوەکان یاخود نا.