خەندان-
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ شەممە هۆشداریدا لە مامەڵەکردنی بەدۆلار لەبری دراوی عێراقی و رایگەیاند، "ئەوەی کە کڕین و فرۆشتن بە دراوی بیانی بکات، روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
لیوا خالید موحەنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، "خواستێکی حکومەت هەیە بۆ لابردنی سەرجەم دراوە بیانییەکان لە مامەڵەکردن لە بازاڕی ناوخۆدا، ئەم پرەنسیپەش لەلایەن وڵاتانی جیهان کاری لەسەر دەکرێت، بەتایبەتی کە هیچ پاساوێک نییە بۆ مامەڵەکردن بە دۆلار لە بازاڕی ناوخۆییدا لەلایەن خاوەن بازرگانانەوە، هەرکەسێک پێویستی بە دراوی دۆلار بێت تەنها بۆ هاوردەکاری سەرەکییە، بەڵام بۆ پرۆسەی کڕین لە بازاڕی ناوخۆ پێویستی بە مامەڵەکردن بە دۆلار یان هەر دراوێکی بیانی تر نییە".
هەڵمەتێک هەیە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە ئەنجامدەدرێت، ئامانج لێی هۆشیارکردنەوەیە
وتیشی، "هەڵمەتێک هەیە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە ئەنجامدەدرێت، ئامانج لێی هۆشیارکردنەوە و رێنماییکردنە، سەبارەت بە پێویستی پابەندبون بە دراوی نیشتمانییەوە، بەو پێیەی دراوی نیشتمانی لە نێوان دراوەکانی دیکەدا جێگیرترینە، وەک ئەوەی لەرابردودا لە دراوەکانی دیکەدا سەلمێنراوە، مامەڵەکردن بە دراوی بیانی لە بازاڕی ناوخۆییدا کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕەکان دەبێت و لەهەمانکاتیشدا زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت".
هەرکەسێکیش مامەڵە بەدراوی بیانی بکات بە سەرپێچی بۆی هەژماردەکرێت
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشیخستەڕو، هەڵمەتەکان بەردەوام دەبن، هەرکەسێکیش مامەڵە بەدراوی بیانی بکات بە سەرپێچی بۆی هەژماردەکرێت و بەپێی یاسای بانکی ناوەندی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
ماوەی چەند رۆژێکە هێزە ئەمنییەکان و ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی تاوانی ڕێکخراو لە شارەکاندا بەردەوامن لە هەڵمەتەکانیان بۆ هاندانی هاوڵاتیان بۆ مامەڵەکردن بە دینار لەبری دۆلار، ئەمە جگە لەوەی چاودێری بازاڕ دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری بازرگانان، کە بەشێکیان خواستیان بۆ بەرزکردنەوە نرخەکان هەیە لەسەر بنەمای لەسەر بەرزبونەوەی بەهای دۆلار.