هەواڵی ئەمڕۆ

"پادشای دراوەکان" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماڵئاوایی دەکات؛ دۆلار روبەڕوی قەیران دەبێتەوە

12:02 - 20/05/2023

22533جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

عێراق بەکارهێنانی دۆلار لە ئەنجامدانی مامەڵەی بازرگانی ناوخۆیی قەدەغەکرد، هاوکات سعودیە و ئیمارات پلانیان هەیە نەوت بە دراوی دیکە جگە لە دۆلار بفرۆشن و دراوێکی نوێ وەربگرن، کە ئەوەش وادەکات باڵادەستی دۆلاری ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داببەزێت و بەهاکەی کەمببێتەوە.

بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی لە ئەنجامدانی مامەڵەی کەسی و بازرگانی لەو وڵاتەدا، بازاڕی ئۆتۆمبێل و خانوبەرەی توشی "شۆک" کردوە، کە ساڵانێکە عێراقییەکان دۆلار لە کڕینی گرانبەهادا بەکاردەهێنن.

عێراقییەکان پێویستیان بە کۆکۆردنەوەی بڕێکی زۆر دینارە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک یان خانویەکی گرانبەها
بەهۆی کەمی بەهای دینارەوە، عێراقییەکان پێویستیان بە کۆکۆردنەوەی بڕێکی زۆر دینارە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک یان خانویەکی گرانبەها، بۆیە نەریت بوە دۆلاری ئەمریکی بەکاربهێنرێت.
 ئەمریکا فشارەکانی لەسەر عێراق زیاترکرد، کە وایکرد رێکاری نوێ لە فرۆشتنی دۆلار بگیردرێتەبەر
لە مانگی 11ی ساڵی رابردوەوە بەهۆی نیگەرانی لە "بردنی دۆلار بۆ ئێران لە رێگەی قاچاغەوە" ئەمریکا فشارەکانی لەسەر عێراق زیاترکرد، کە وایکرد رێکاری نوێ لە فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراقەوە بگیردرێتەبەر، ئەوەش کەمی دۆلار و هەڵئاوسان لە نرخەکەیدا هێنایە کایەوە.
حکومەتی عێراق بڕیاریدا قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی لە ئەنجامدانی مامەڵەی کەسی و بازرگانی
بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی لە ئەنجامدانی مامەڵەی کەسی و بازرگانی لەو وڵاتەدا بسەپێنێت، مانگی شوباتی ڕابردوش عێراق بڕیاریدا بەهای هاوردەکردنی کەرتی تایبەت لە چینەوە بە یوان (دراوی ئەو وڵاتە) بدات.
سعودیە دەڵێت، وڵاتەکەی کراوەیە بۆ فرۆشتنی نەوت بە دراوی دیکە جگە لە دۆلار
لە سەرەتای ئەمساڵیشدا وەزیری دارایی سعودیە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کراوەیە بۆ فرۆشتنی نەوت بە دراوی دیکە جگە لە دۆلار، لەوانەش یۆرۆ و یوان، لەکاتێکدا ئیمارات رایگەیاند، لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هیندستان بۆ بازرگانیکردن بە کاڵای نانەوتی بە ڕوپیەی هیندستان، پێش ئەوەش ساڵی رابردو قاهیرە پلانەکانی بۆ دەرکردنی بۆند بە یوانی چینی رابگەیەنێت، ئەوەش دوای دەرکردنی بۆندەکان بە یێنی ژاپۆنی.
روسیاو هاوپەیمانەکانی تاوتوێی دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی دراو دەکەن
هاوکات میسر، سعودیە، ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی، جەزائیر و بەحرەین خواستی خۆیان دەربڕی بۆ پەیوەستبون بە "وڵاتانی بریکس" کە برازیل، ڕوسیا، هیندستان، چین و باشوری ئەفریقا لەخۆدەگرێت، مۆسکۆ ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەی داهاتوی هاوپەیمانییەکە لە مانگی حوزەیراندا تاوتوێی دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی دراو بۆ تەواوکردنی مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام دەکات.
ئیمارات بەشداری لە پرۆژەیەکی تاقیکاریدا دەکات کە لەلایەن بانکی یەکلاکردنەوەی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەبرێت
لە ساڵی 2021ەوە ئیمارات بەشداری لە پرۆژەیەکی تاقیکاریدا دەکات کە لەلایەن بانکی یەکلاکردنەوەی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەبرێت، سەبارەت بە بەکارهێنانی دراوی دیجیتاڵی کە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە دەرچوە لە تەواوکردنی پارەدانەکانی نێوان وڵاتان، لەوانە دورکەوتنەوە لە دۆلار، کە هەریکە لە تایلەند، هۆنگ کۆنگ و چین لەنێو ئەو وڵاتانەدا بون کە بەشدارن لە پڕۆژەکەدا.

ئایا سەردەمی هەژمونی دۆلار کۆتایی هاتوە؟
دوای بڕیاری ئەو وڵاتانەی بۆ سنودارکردنی مامەڵەکان بە دۆلار، قسە و باسی دابەزینی بەهێزی دۆلار دەکرێت، بەپێی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز کە بە بەناونیشانی، "ئایا باڵادەستی دۆلار لە مەترسیدایە؟" ئاماژە بەوەکراوە، پێویستە جیهان "ئامادەکاری بۆ جیهانێکی فرە جەمسەری بکات".
دۆلار ئێستا نزیکەی 85%ی یەدەگی دراوی جیهانی پێکدەهێنێت
هاوکات ئاژانسی بلومبێرگ-ی ئەمریکی مانگی ڕابردو لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوەکردبو، "دابەزاندنی دۆلار بە ڕێژەیەکی سەرسوڕهێنەر ڕودەدات"، ئاماژەی بەوەشکردبو، دۆلار ئێستا نزیکەی 85%ی یەدەگی دراوی جیهانی پێکدەهێنێت و لە ساڵی 2001شدا گەیشتبوە 73%، لەکاتێکدا لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی ڕابردودا بو 85% بو.

سەرەڕای ئەوەش شارەزایان پشتڕاستیدەکەنەوە، کە دورکەوتنەوە لە دۆلار بە خێراییەکی تاڕادەیەک خاو بەرەوپێش دەچێت، بە پێچەوانەی ئەوەی کە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەی پێدەکەن.

نیشانەکردن

دۆلار