زلێنسكی داوا لە سودانی دەكات سەردانی ئۆكرانیا بكات

07:59 - 19/05/2023

12165جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا كۆبۆوە و لەكۆبونەوەكەدا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردو وڵات كردەوە و زلێنسكیش داوای لە سودانی كرد، سەردانی كیێڤ بكات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ جددەی سعودیە و لەپەراوێزی بەشداریكردنی لە 32ەمین كۆبونەوەی لوتكەی عەرەبی، لەگەڵ ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا كۆبۆوە.

گفتوگۆ كرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئۆكرانیا

لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئۆكرانیا و ڕێگاكانی بەرزكردنەوەی هاوكارییەكان لەو بوارانەی كە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەش دەكەن

  سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستی گرتنەبەری شێوازی دیپلۆماسی و پێدانی دەرفەت بۆ گفتوگۆ كردەوە 

  سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستی گرتنەبەری شێوازی دیپلۆماسی و پێدانی دەرفەت بۆ گفتوگۆ بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی ئاشتیانە لە ئۆكرانیا و بەرقەراركردنی ئاسایش و ئاشتی لە جیهان كردەوە و داوایكرد، هەموان دوربكەونەوە لە پەرەسەندن و توندوتیژی زیاتر.

سەرۆكی ئۆكرانیا بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد سەردانی ئۆكرانیا بكات

لای خۆیەوە سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی بە پەرۆشی وڵاتەكەی كرد بۆ پەرەپێدانی هاوكارییەكانی نێوان بەغدا و كیێڤ و و ڕێگاكانی چەسپاندنیان لە چەند بوارێكدا، هەروەها بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد سەردانی ئۆكرانیا بكات.

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی ستایشی ڕۆڵی سەرەكی عێراقی لە ناوچەكە و هەوڵەكانی بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكەی كرد.

نیشانەکردن

ڤۆلۆدمیر زلێنسكی