نوێنەری حكومەتی هەرێم لە واشنتن: پرسی نەوتی هەرێم ئەمریكا لەگەڵ عێراق و توركیا هێناوەتەسەرخەت

07:02 - 19/05/2023

2508جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا رایدەگەیەنێت، پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەمریكای لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و توركیا خستوەتە سەر خەت و دەیەوێت ئەو پرسە بە خێرایی چارەسەر بكرێت، دەشڵێت، "دو مانگی دیكە شاندێكی ژوری بازرگانیی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات".

بەیان سامی، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاندوە، پەیوەندیی حكومەتی هەرێم و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا زۆر باش و بەهێزە، وەك دەبینن زۆرێك لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دێنە هەرێمی كوردستان".

بەیان سامی، باسی لە هاتنی شاندێكی ژوری بازرگانیی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان كرد و وتی، "شاندەكە لە كۆمەڵێك وەبەرهێنەر و كۆمپانیای بواری كشتوكاڵی پێكدێت و مانگی (حوزەیران/6)ی ئەمساڵیش سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن".

پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەمەجۆرن

بەیان سامی عەبدولڕەحمان ئەوەشیخستۆتەڕو، پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەمەجۆرن و ئەو وڵاتە پشتگیرییەكی تەواوی ‌هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكات و دەیەوێت پەیوەندییە ئابورییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات".

هاوكات، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ویلایەت یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەكردوە، بەردەوام دەبن لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان.

پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەمریكای لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و توركیا خستوەتە سەر خەت

لەبارەی پرسی نەوتیشەوە، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە واشنتن ئاشكرایكردوە، "پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەمریكای لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و توركیا خستوەتە سەر خەت و دەیەوێت ئەو پرسە بە خێرایی چارەسەر بكرێت، چونكە ئەمریكا دەیەوێت هەرێمی كوردستان ببێتە هەرێمێكی بەهێز و سەركەوتو لە ناوچەكە".

نیشانەکردن

ئه‌مریكا