خەندان-
د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان رایدەگەیەنێت، رەجەب تەیب ئەردۆگان و پارتەکەی (ئەکەپە) بۆ کورد باشترن لە کەمال کلیچدار ئۆغڵو و پارتەکەی (جەهەپە) و دەشڵێت، " ئەگەر هەدەپە هاوکاری ئەردۆگانی بکردایە و بەرژەوەندی گەلی کوردی بویستایە، ئەوا شتی باشتر بۆ کورد دەکرا".
د. عەلی قەرەداغی لە وتوێژێکی تایبەت لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، بەر لە هەمو شتێک هەڵبژاردن یان وەستان لەگەڵ کەسایەتییەک و کاندیدێک کارێکی ئیجتهادییە، بۆیە پێویست ناکات کەس عاجزبێت.
لەو بەیاننامەیدا داوامان کرد کە گەلی تورک یارمەتیدەر بێت بۆ تازەکردنەوە و هەڵبژاردنی سەرۆک ئەردۆگان
ژمارەیەک لە زانایانی ئایینی هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕاگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوایان لە خەڵکی تورکیا کرد دەنگ بە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بدەن تاوەکو جارێکی دیکە بە سەرۆکی وڵات هەڵببژێرنەوە، لەوبارەیەشەوە د. عەلی قەرەداغی دەڵێت، "لەو بەیاننامەیدا داوامان کرد کە گەلی تورک یارمەتیدەر بێت بۆ تازەکردنەوە و هەڵبژاردنی سەرۆک ئەردۆگان، هۆکارە دەگەڕێتەوە بۆ چەند شتێک یەکەم لە ئێستادا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو دەزانرێت زۆر لە ناڕەحەتی و فەوزایەکی زۆر ناخۆشدایە لەوانە سوریا، عێراق، لوبنان، یەمەن تەنانەت میسریش، ئێمە وەکو چەند زانایەک کە شارەزاییمان هەیە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە حەز ناکەین جارێکی تر ئەو سەقامگیریە تێکبچێت لە تورکیا، واتە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و فەوزایەکی گەورە بۆ ناوچەکە دروستنەبێت."
ئۆپۆزیسیۆن بەرنامەکەیان چەند کێشەیەکی گەورەی تێدا بو
د. عەلی قەرەداغی ئاماژەی بە هۆکاری دوەمی پشتگیرییان لە ئەردۆگان کرد بۆ سەرۆکایەتی تورکیا و وتی، "بەداخەوە دەڵێم ئۆپۆزیسیۆن بەرنامەکەیان چەند کێشەیەکی گەورەی تێدا بو، ئەو کێشانە بەلای ئێمەوە لائەخلاقییە، بەلای دامەزراوەی دیموکراسیەوە کە یەکێک لە بەرنامەکەیان دەرکردنی ئاوارەکانی سوریا بو لە تورکیا و بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان ئەمە بە ڕاستی بەلای ئێمەوە شتێکی جوان نەبو، دەبوایە ئۆپۆزیسیۆن ئەو کارەی نەخستایەتە بەرنامەی خۆیەوە ئەمە هۆیەکی زۆر گرنگ بو."
ئێمەی زانایانی موسڵمانین و موسڵمانیش حەز ناکات خەڵکێکی تر بە ئاشکرا دژی دینەکە قسە بکات
ئەوەشیخستەڕو، "سەبارەت بە ئێمەی موسڵمان و زانایان لەکاتێکدا ئێمە دەبینین 5-6 ملیۆن خەڵکی ئاوارە لە تورکیا هەن، باسکردنی ئەم بابەتە بەلامانەوە شتێکی باش نەبو، دوەمیش ئێمەی زانایانی موسڵمانین و موسڵمانیش حەز ناکات خەڵکێکی تر بە ئاشکرا دژی دینەکە قسە بکات بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتی (کلیچدار) بەئاشکرا تەبەنی- بانگەشەی ئەوەی دەکرد دژی ئاینی بەرزی ئیسلام و شارستانێتی ئەو وڵاتەیە کە چەند ساڵە لەگەڵیدا دەژی بە تەواوەتی بەرنامەکە بەشێک بو لەوە."
لە هۆکارەکان ئەوەیە کە زانایان بە واجبی دەزانن بەرگری بکەن لە کاری خۆیان
د. عەلی قەرەداغی ئەوەشی وت، "لە هۆکارەکان ئەوەیە کە زانایان بە واجبی دەزانن بەرگری بکەن لە کاری خۆیان، وەکو دەزانرێت حزبی کۆماری مێژویەکی باشی لەگەڵ کوردا باش نییە هەر لە سەردەمی ئەتاتورکەوە هەتا ئێستا تەبەنی- بانگەشەی ئەوە ناکەن کە کورد مافی خۆی هەبێت لەگەڵ ئەمەشدا ئۆپۆزیسیۆنی چەپی کوردی کە قبوڵیان نەکردن لەسەر مێزەکەش دابنیشن کەچی بە هەمو هێز و توانای خۆیەوە داوایان دەکرد کورد دەنگی خۆی بدات به کلیچدار ، ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی زانایانی موسوڵمان هەڵوێستێکیان هەبێت کە پێی دەوترێت هەڵوێستێکی دینی و ئینسانی و ئەخلاقی و نیشتمانی، من وادەزانم بابەتەکە هەر ئەوەیە."
من وەکو دکتۆر عەلی قەرەداغی تەحەدا دەکەم کەسێک بتوانێت پێم بڵێت بەرژەوەندی کەسی یان ئابوریم لەگەڵ ئەردۆگان
دکتۆر قەرەداغی لە قەسەکانیدا ڕەتیکردەوە هیچ بەرەژەوەندییەکی تایبەتی خۆی هەبێت لە پشتیوانیکردتی لە ئەردۆگان و ئاشکرایکرد، "من وەکو دکتۆر عەلی قەرەداغی تەحەدا دەکەم کەسێک بتوانێت پێم بڵێت بەرژەوەندی کەسی یان ئابوریم لەگەڵ ئەردۆگان و غەیری ئەردۆگان هەبێت. سوپاس بۆ خوا هیچ بەرژەوەندیم لەگەڵ کەسیاندا نییە و موحتاجیش نیم."
بۆ کورد ئەردۆگان باشتر بوە و باشتریش دەبێت لە کلیچدار
د. عەلی قەرەداغی، وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە و وتی، "ئەوان بەراورد دەکەن لە نێوان ئەردۆگان و کلیچدار، تەنانەت بۆ مەسەلەی کورد، هەرچەندە لە سەردەمی ئەردۆگان تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکە و پەیەدە هەیە، بەڵام ئەگەر بەراوردێک بکەیت لە نێوان جەهەپە کە مێژوی لەگەڵ کوردا مێژویەکی بەلای کەمەوە ڕێکوپێک نەبوە، لەگەڵ ئەردۆگان بە ڕای ئێمە بۆ کورد ئەردۆگان باشتر بوە و باشتریش دەبێت لە کلیچدار."
لە سەردەمی حزبی کۆماری و ئەتاتورک بە هیچ شێوەک داننەنراوە بەوەی کورد هەیە
قەرەداغی نمونەی بە سەردەمی حزبی کۆماری هێنایەوە و وتی، " لە سەردەمی حزبی کۆماری و ئەتاتورک بە هیچ شێوەک داننەنراوە بەوەی کورد هەیە و بە کوردیان دەوت (ڕتراک الجبل) واتە تورکی شاخەکان و زمانی کوردی قەدەغەکراوبو من خۆم ئەگەر کتێبێم پێبوایە تیایدا نوسرابێت کوردستان ئەو کتێبەیان قەدەغە دەکرد، ئەمەیە مێژوی حزبی کۆماری. بەڵام ئێستا و لە سەردەمی ئەردۆگان زمان و قوتابخانەی کوردی هەیە، تەلەفزیۆنی کوردی هەیە."
هەدەپە ئەگەر بەرژەوەندی گەلی کوردی بویستایە، زیاتر شتی باشتر دەکرا بۆ کوردستان و گەلی کورد
بە بڕوای د. عەلی قەرەداغی، ئەگەر هەدەپە هاوکاری ئەردۆگانی بکردایە ئەوا شتی باشتر بۆ کورد دەکرا و دەشڵێت، "پێموایە ئەگەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هاوکاری بکردایە و ئایدۆلۆژیەتەکە ڕێگری نەکردایە و ئەگەر بەرژەوەندی گەلی کوردی بویستایە، زیاتر شتی باشتر دەکرا بۆ کوردستان و گەلی کورد."
ئەوان کە دەڵێن ئاکەپە لە جەهەپە باشترە، بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردە
د. عەلی قەرەداغی ئەوەشی راگەیاند، "ئەوان کە دەڵێن ئاکەپە لە جەهەپە باشترە، بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردە، چونکە جەهەپە بە هیچ شێوەیەک دانی نەناوە بە کوردی تورکیا و بە کوردستان و بە زمانی کوردی، بەڵام ئاکەپە دەکرێت بە لایەنی کەم لە ڕوی ئیسلامەتییەوە قەناعەتی پێبکرێت بۆ بەدەستهێنانی داوای زیاتر".
من بەشدار بوم لەوەی هەتا ڕادەیەک ئاشتەوایی بکرێت لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا
ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان ئەوەشی وت، "من بەشدار بوم لەوەی هەتا ڕادەیەک ئاشتەوایی بکرێت لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا، بەڵام بە داخەوە لەبەر چەند هۆیەک ئەوە نەگونجا و نەگەیشتەسەر، بە تایبەتی لە دوای ئەوەی لە نێوانیاندا شەڕ ڕویدا، هەرچەند ماوەی 4-5 ساڵ ڕێککەوتنێک لە نێوان پەکەکە و حکومەتدا هەبو و هەتا ڕادەیەک چەند هەنگاوێک نرا، بەڵام بەداخەوە بەردەوام نەبو و نەگەیشتە ئەنجام."
هەوڵدرا لەلایەنی سەکردایەتی کوردی چ مام جەلال چ کاک مەسعود کە ئەمانە کۆبکەنەوە و کارێک بکەن و جۆرە ڕێککەوتنێک ڕێکبخرێت لە نێوان پەیەدە و حکومەتی تورکیا
د. عەلی قەرەداغی باسی لەوەشکرد، "سەبارەت بە پەیەدە پێش چەند ساڵ ئەوان لە کوردستانی عێراق بونیان هەبو لەگەڵ حزبەکانی تری سوریا، نزیکەی 12 حزب، من دەتوانم بڵێم کە هەوڵدرا لەلایەنی سەکردایەتی کوردی چ مام جەلال چ کاک مەسعود کە ئەمانە کۆبکەنەوە و کارێک بکەن و جۆرە ڕێککەوتنێک ڕێکبخرێت لە نێوان پەیەدە و حکومەتی تورکیا، تەنانەت ئەحمەد داود ئۆغڵو ئەوکات وەزیری دەرەوە بو لەگەڵ بەرپرسێکی گەورەی پەیەدە کۆبۆوە و ڕێککەوتنێک کرا و کاک مەسعود خۆیشی هەوڵیدا لەسەر بنەمای ئەوەی ئەوان 50% حوکمیان هەبێت و 50% ی تر بدرێت بە دوانزە حزبەکەی تر بە تایبەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی لەگەڵ ئەو حزبەی ئەو کاتە سەر بە مام جەلال بو، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەچوە سەر، ئەگەر سەریبگرتایە ئەو کاتە جۆرە پەیوەندییەک دروستدەکرا لە نێوان پەیەدە و حکومەتی تورکی بۆ ئەوەی کە بەرژەوەندی گەلی کورد بپارێزرێت لە سوریا و لە هەمان کاتیشدا تورکیا مافی خۆیەتی داوابکات بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت لە سنورەکاندا."
بێگومان ئێمە لەگەڵ هیچ زوڵمێکدا نین
لەبارەی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە، د. عەلی قەرەداغی رایگەیاند، "بێگومان ئێمە لەگەڵ هیچ زوڵمێکدا نین، ئەمە شتێکی جیاوازە، مەسەلەی ئەوەی ئێمە کە لە هەڵبژاردندا بەلامانەوە ئەم کەسە باشترە لەو کەسەی تر بۆ کورد و بۆ موسڵمانان ئەمە کارێکی ترە".