بزوتنەوەی گۆڕان: لەئامادەیی نەوشیروان مستەفا 75%ی خەڵک متمانەیان بە هەڵبژاردن هەبو

08:35 - 18/05/2023

2692جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بزوتنەوەی گۆڕان لەپەیامێکدا رایدەگەیەنێت، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا تاوەکو دوا ساتەکانی ژیانی رۆحی روبەڕوبونەوەی لە دەست نەدا، بۆ خەڵک ژیا و گریانی قوڵی سەدان هەزار هاونیشتمانی سەلمێنەری ئەو راستیە بون، کە سەرکردەی نیشتمانی و ڕاستگۆو ڕیفۆرمخواز میللەتی لەگەڵدایە و دەشڵێت، "لە ئامادەی رەوانشاددا 75% هاونیشتیمانیان متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن هەبو، بەڵام ئەو متمانەیە تادێت لاوازتر دەبێت".

بزوتنەوەی گۆڕان لەپەیامێکدا لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بڵاویکردەوە، "رەوانشاد نەوشیروان مستەفا تاوەکو دوا ساتەکانی ژیانی رۆحی روبەڕوبونەوەی لە دەستنەدا، بۆ خەڵک ژیا و گریانی قوڵی سەدان هەزار هاونیشتمانی سەلمێنەری ئەو راستیە بون، کە سەرکردەی نیشتمانی و ڕاستگۆو ڕیفۆرمخواز میللەتی لەگەڵدایە، هۆکاری ئەمەش رونبو، چونکە لای ئەو هێزی وڵات و حکومەت و سەرکردەکان لە زامنکردنی مافی خەڵکدایە و هێزی خەڵک و شەرعیەتی دیموکراتی سەرچاوەی فەرمانڕەواییە". 

لە ئامادەیی نەوشیروان مستەفا ئازادی و کەرامەتی هاوڵاتی کورد تا رادەیەکی زۆر پارێزراو بو

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە ئامادەیی نەوشیروان مستەفا ئازادی و کەرامەتی هاوڵاتی کورد تا رادەیەکی زۆر پارێزراو بو، رەوانشاد کاری بۆ دەوڵەتی قانون، دادپەروری کۆمەڵایەتی، یەکسانی لە ماف و ئەرک، شەفافیەت، سوپایەکی نیشتیمانی، دادگا و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بەهێز، پەرلەمانی بەهێز و نوێنەری خەڵک کرد، هەمو ئەم ئامانجانە بۆ چاکەی گشتی و قازانجی خەڵک بو، هەر ئەوەش بو وایکردبو خەڵک متمانەی بە ڕەوانشاد و پڕۆژە سیاسی و ڕیفۆرمخوازیەکانی ببێت و لە ئامادەی رەوانشاددا 75% هاونیشتیمانیان متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن هەبو، بەڵام ئەو متمانەیە تادێت لاوازتر دەبێت".

یار و نەریار گەیشتون بەو باوەڕەی کە بەرنامە و پاکێجانەی ئەو چارەسەرێکی بنەڕەتی بون بۆ کێشەکان

 
بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیخستۆتەڕو، "پاش شەش ساڵ یار و نەریار گەیشتون بەو باوەڕەی کە بەرنامە و پاکێجانەی ئەو چارەسەرێکی بنەڕەتی بون بۆ کێشەکان، رێگەی رزگار بون لە بازنەی قەیران و ناکۆکی و گەندەڵی و نادیموکراتی سیستەمی سیاسی هەر ئەو بەرنامەیە، ئەمڕۆ خواستی گۆڕانکاری سیاسی و سەربازی و ئابوری و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بوە بە خواستی دەوڵەتە دیموکراتییە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان، لە ناویاندا ئەمریکا، فڕەنسا، بریتانیا، ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپا و زۆر دەوڵەتی دیکە".


راگەیەندراوی شەشەمین ساڵیادی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا

هەینی، 19ی 5ی 2023 شەش ساڵ تێدەپەرێت بەسەر کۆچی دوایی بیرمەند و رۆژنامەنوس، شۆڕشگێڕ و ئەندازیاری راپەڕین و چاکسازی و گۆڕانکاری ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەمین، ئەو رۆژە بۆ هاونیشتمانیان و ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەران برینێکی ساڕێژنەکراوە. 

لە شۆڕشی نوێدا، پایەیەکی سەرەکی تێکۆشان و ئیرادە بو. لە ڕاپەرینی ئازاری 1991 ئەندازیار و فەرماندەی مەیدانی بو،  لە دروستبونی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە 1992، بەرگریکاری دەوڵەتی قانون و سوپای نیشتیمانی و ئابوری بەهێز و مافی هاوڵاتیان و پەرلەمانێکی بەهێز بو. لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی دیکە سەلمێنەری مافەکانی کورد بو لە دەستوری عێراقدا، کە تاکو ئەم ساتەش قەڵغانی کوردە لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا. ڕچە شکێن و دروستکەری یەکەمین هێزی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی و پەرلەمانی بو کە بزوتنەوەی گۆڕانە.
 قۆناغەکانی ژیانی سیاسی رەوانشاد پڕبون لە ئاڵنگاری و هەورازی سەخت، ئیرادەی بەهێز و پابەندن بون بیروباوەڕی رەوا و رۆشن بۆ زاڵ بون بەسەر تەواوی ئەو ئاڵنگارییانەدا.
 رەوانشاد تاکو دوا ساتەکانی ژیانی رۆحی روبەڕوبونەوەی لە دەست نەدا، بۆ خەڵک ژیا و گریانی قوڵی سەدان هەزار هاونیشتمانی سەلمێنەری ئەو راستیە بون، کە سەرکردەی نیشتمانی و ڕاستگۆو ڕیفۆرمخواز میللەتی لەگەڵدایە. هۆکاری ئەمەش رون بو، چونکە لای ئەو هێزی وڵات و حکومەت و سەرکردەکان لە زامنکردنی مافی خەڵکدایە و هێزی خەڵک و شەرعیەتی دیموکراتی سەرچاوەی فەرمانڕەواییە. 
لە ئامادەیی رەوانشاددا ئازادی و کەرامەتی هاوڵاتی کورد تا رادەیەکی زۆر پارێزراو بو، رەوانشاد کاری بۆ دەوڵەتی قانون، دادپەروری کۆمەڵایەتی، یەکسانی لە ماف و ئەرک، شەفافیەت، سوپایەکی نیشتیمانی، دادگا و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بەهێز، پەرلەمانی بەهێز و نوێنەری خەڵک کرد. هەمو ئەم ئامانجانە بۆ چاکەی گشتی و قازانجی خەڵک بو. هەر ئەوەش بو وایکردبو خەڵک متمانەی بە ڕەوانشاد و پڕۆژە سیاسی و ڕیفۆرمخوازیەکانی ببێت و لە ئامادەی رەوانشاددا 75% هاونیشتیمانیان متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن هەبو، بەڵام ئەو متمانەیە تادێت لاوازتر دەبێت، ئەم راستیە بەڵگەنەویستە نیشاندەری سەنگی ئەو سەرکردە دەگمەنەیە. 
پاش شەش ساڵ یار و نەریار گەیشتون بەو باوەڕەی کە بەرنامە و پاکێجانەی ئەو چارەسەرێکی بنەڕەتی بون بۆ کێشەکان، رێگەی رزگار بون لە بازنەی قەیران و ناکۆکی و گەندەڵی و نادیموکراتی سیستەمی سیاسی هەر ئەو بەرنامەیە. ئەمڕۆ خواستی گۆڕانکاری سیاسی و سەربازی و ئابوری و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بوە بە خواستی دەوڵەتە دیموکراتییە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان، لە ناویاندا ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپا و زۆر دەوڵەتی دیکە. 
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی ڕەوانشاد دەرفەتدان بو بە گەنجان و ژنان و هێنانە پێشەوەیان وەک سەرکردەی نوێ.
 ئەم یادە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هاورێکانی دوێنێ جارێکی دیکە ببنەوە بەهاورێ و هاوسەنگەر بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی، ئەمەش باشترین وەفایە بۆ ڕەوانشاد و خەڵکی کوردستان. 
ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دونیابینیەکی فراوانی هەبو بۆ خەباتی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان. هەرئەوەش بو وایکردبو سەرکردەکانی پارچەکانی تر لە کاتی سەخت و ئاڵنگاریدا پشتیان بە نەخشەڕێگا و پشتیوانیی ڕەوانشاد قایم بو. لێرەوەیە ڕۆڵ و پێگەی مێژویی ڕەوانشاد تەنها لە حیزب و بزوتنەوەیەکی سیاسیی و یەک پارچەی کوردستان سنوردار ناکرێ، بەڵکو وەک موڵکی خەڵک ‌و خاکی کوردستان دەمێنێتەوە.
لە کاتێکدا یادی شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەکەینەوە دەستێوەرانی حیزبی لەدامەزراوە نیشتمانیەکان زیاتر دەبێت، گەندەڵی و نادادی زیاتر بون، متمانەی هاوڵاتیان بە پرۆسەی سیاسی لاوازتر بوە. هەمو ئەمانەش هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئایندەی هەرێمی کوردستان.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئەمڕۆ لە هەمو کات زیاتر بیری سیاسی و روئیا و بەرنامەی نەوشیروان مستەفا زەرورە. پرۆژە و نەخشەڕێگای هەمەلایەنەکانی چارەسەری واقعی و رونن بۆ هەرێمی کوردستان و سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگارییەکان و سود وەرگرتن لە دەرفەتەکان. ئەمەش ئەو ئیرادەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفای ئەوێت. لەگەڵ ئەمانەشدا گرنگە ئەوەمان بیر بێت کە رەوانشاد دەیوت" لە هیچ حاڵەتێکدا نابێت خەڵک بێ ئومێد بێ. هەمیشە ئەبێ خەڵک چاوی لە ئاسۆبێ"
رەوانشاد لە رۆژی هەینی، 22ی 12ی 1944 لە دایکبو، رۆژی هەینی 19ی 5ی 2017 کۆچی دوایکرد، رۆژی هەینی 19ی 5ی 2023 کە یادی شەش ساڵەی گیان شادبونی دەکەینەوە، دەکەین بە هەینی ئومێد و وەفا بۆ ئەو سەرکردە دەگمەنەی وەک خوێنبەری مێژو و ئێستا و داهاتوی گەلی کورد و ئازادیخوازان دەمێنێتەوە.