خەندان-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختلەسەر کەمکردنەوەی رۆتین و دواخستن و پەکخستنی مامەڵەی هاوڵاتیان دەکاتەوە و راشیدەگەیەنێت، "سەرجەم دەستە سەربەخۆ و دامودەزگاکانی نەبەستراو بەوەزارەتەکان ئەرکیانە بەرنامەی حکومەت جێبەجێبکەن و لەو چوارچێوەیەشدا دەبێت هەوڵەکانیان، لەکارو کردەوەکانیان رەنگبداتەوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و دامودەزگاکانی نەبەستراو بەوەزارەتەکانی کرد، لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی شێوازی کارکردنی دەستەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدانی ئاستی ئەدای کارکردنیان و ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەشی هاوڵاتیان دەکەن کرا، هەروەها تاوتوێکردنی کۆمەڵێک دۆسیەی پەیوەندیدار کرا کە پەیوەست بون بە کارەکانیان و ڕەچاوکردنی ئەو پرسانەی کە لە بەرنامەی کاردان.
سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان دەستەکان و وەزارەت و پارێزگاکان کردەوە
لە میانی دانیشتنەکەدا سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەو دەستەو و دامودەزگایانە کرد کە پەیوەست نین بەوەزارەتەکانەوە و پەرۆشی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەگوێرەی ئەوەی لە یاسا و دەستوردا بڕیاری لەسەر دراوە دوپاتکردەوە، هەروەها جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان دەستەکان و وەزارەت و پارێزگاکان کردەوە لە چوارچێوەی ئەو پلانانەی کە دەوڵەت دایڕشتوە، ئەمەش سەرەتایەکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی دروستی ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکومەت.
"سەربەخۆیی دەستە و دامەزراوەکان بەو مانایە نییە کە بە دابڕان لە باقی دامەزراوەکانی دەوڵەت کار بکەن
محەمەد شیاع سودانی راشیگەیاندوە، "سەربەخۆیی دەستە و دامەزراوەکان بەو مانایە نییە کە بە دابڕان لە باقی دامەزراوەکانی دەوڵەت کار بکەن، بەڵکو هەموان لە خەمی جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکانی دەوڵەت و جێبەجێکردنی کارە لەپێشینەکاندا دەبن کە دانراون، لە پێش هەمو شتێکەوە چاکسازی ئیداری و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی".
دەستەکان بەشێکن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت کە پەیوەندییان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەوە هەیە بۆ هاوڵاتیان
ئەوەشیخستەڕو، دەستەکان بەشێکن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت کە پەیوەندییان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەوە هەیە بۆ هاوڵاتیان، ئەم بابەتە دەبێت لە ڕێکارەکانی سەرۆکی دەستە و سەردانەکانی مەیدانی و کارە ڕۆژانەییەکانیدا رەنگبداتەوە.
سەرۆک وەزیران سەرۆکی حکومەت جەختیکردەوە، "لەسەر پێویستی بەشداریکردنی هەمو دامودەزگاکانی دەوڵەت لە جێبەجێکردن و کارکردن بۆ سەرخستنی بەرنامەی حکومەت و دەربازبون لە ڕۆتین و نوسینی سەر کاغەز و نەبونی هەماهەنگی کە دەبنە هۆی بەفیڕۆدانی کات و ماندوبون".
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەنجومەنی سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و دامودەزگاکانی نەبەستراو بەوەزارەتەکان، دەکرێت بە ڕێنمایی سەرۆکی حکومەت پێکبهێنرێت، بۆ بەدەستهێنانی هاوئاهەنگی لە کارەکانیدا و بتوانێت ئەرکەکانی خۆی لە تێپەڕاندنی کێشە و ئاستەنگەکاندا ئەنجامبدات، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان.