خەندان-
کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی رکابەری ئەردۆگان بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە نیازی خۆی ئاشکرا کرد کە ئەگەر بێتە سەر دەسەڵات، هەمو پەنابەران لە تورکیا دەردەکات، پەیوەست بە نزیکی لە پەکەکە و فەتحوڵا گوللەن وتی، "راشکاوانە لەگەڵ هەمو هاوڵاتیان قسە دەکەم، من لە تەنیشت رێکخراوە تیرۆریستییەکان دانانیشم و لەگەڵیان لەسەر یەک مێز دانانیشێم، راستگۆ دەبم و کار بۆ چاکەی وڵات دەکەم".
کەمال کلیچدارئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، "تورکیا میوانداری 10 ملیۆن پەنابەر دەکات، ئەگەر ئەمانە بمێننەوە، ژمارەی دانیشتوانی نوێ لە تورکیا بەرزدەبێتەوە بەوەش دۆلار بەرامبەر بە لیرە بەرزدەبێتەوە".
ئەردۆگانی تۆمەتبارکرد بە درۆکردن و ساختەکاری لە خولی یەکەمی دەنگداندا
کلیچدارئۆغڵو، ئەردۆگانی تۆمەتبارکرد بە "درۆکردن و ساختەکاری لە خولی یەکەمی دەنگدان کە لە 14ی ئایاردا ئەنجامدرا"، هەروەها وتی، "ئۆپۆزسیۆن سکاڵای ئاڕاستەی کۆمسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردنەکان کردوە سەبارەت بە ئەنجامی دەنگدانەکان"، جەختیشی لەوەکردەوە، کە ئۆپۆزسیۆن "پرۆتۆکۆڵی واژۆکراوی هەیە و شەڕی بۆ دەکات".
کلیچدار تۆمەتەکانی ئەردۆگانی رەتکردەوە سەبارەت بە پەیوەندی گوماناوی لەگەڵ پەکەکە و ڕێکخراوی فەتحوڵا گولەن
کلیچدار تۆمەتەکانی ئەردۆگانی رەتکردەوە سەبارەت بە "پەیوەندی گوماناوی لەگەڵ پەکەکە و ڕێکخراوی فەتحوڵا گولەن کە قەدەغەکراوە لە تورکیا، کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە ڕێکخستنی هەوڵی کودەتاکەی تەمموزی 2016 تۆمەتباری دەکەن".
ڕاشکاوانە لەگەڵ هەمو هاوڵاتیان قسە دەکەم، لە تەنیشت ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دانەنیشتم
کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت، "من ڕاشکاوانە لەگەڵ هەمو هاوڵاتیان قسە دەکەم، لە تەنیشت ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دانەنیشتم و لەگەڵیان لەسەر یەکمێز دانانیشێم، ڕاستگۆ دەبم، و کار بۆ چاکەی وڵات دەکەم".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "هەڵبژاردنی 14ی ئایار تێپەڕ، لە 28ی ئایاردا هەمومان دەنگێکی زۆر گرنگمان دەبێت بۆ میللەتەکەمان، کاتێک بۆ یەکەمجار خەڵکی وڵات پێویستیان بە هەڵبژاردنی نێوان دو کاندیدی جیاواز و دو دیدگای جیاوازی هەیە جیهان".
ئەمجارە کۆنتڕۆڵکردنی دەنگدان و ژماردنەوەی دەنگەکان لە هەر بنکەیەکی دەنگدان بە پێنج کەس چاودێری دەکرێت
کیلیچدارئۆغڵو داوای لە سەرجەم دەنگدەران کرد بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمجارە کۆنتڕۆڵکردنی دەنگدان و ژماردنەوەی دەنگەکان لە هەر بنکەیەکی دەنگدان نابێت بە یەک چاودێر، بەڵکو بە پێنج چاودێر لە یەککاتدا ئەنجامبدرێت".
پێشتر لێدوانێکی دیکەی لەبارەی پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە دابو
ئەو وتانە لەکاتێکدایە کە 3ی ئەم مانگە و بەر لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردن، کەمال کلیچدارئۆغڵو، لەبارەی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) باسی لەوەکردبوە، "بۆ ئێمە پەیەدە و یەپەگە رێکخراوێکی تیرۆریستی نیین ئەگەر لە بنەڕەتیشدا هاوشێوەی پەکەکە بن، ڕێکخراوی تیرۆریستی هاوڵاتی سڤیل، گەنج، پیر، ژن یان پیاو دەکوژن، بەڵام تا ئێستا یەپەگە کارێکی لەو شێوەیەی لە دژی تورکیا و گەلەکەی جێبەجێ نەکردوە".
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری ئێستا و کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا 49.51%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کەمال کلیچدارئۆغڵو رکابەرەکەی 44.88%ی بەدەستهێناوە، لە خولی دوەمیشدا ئەو رکابەرە کێبڕکێی سەخت دەکەن.
بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار گەیشتوەتە 88.92%، هاوکات چاودێران پێشبینی دەکەن ڕێژەی بەشداریکردن لە خولی دوەمی دەنگدان لەوە کەمتر نەبێت.